حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کۆی کایەی ڕۆشنبیری و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵی کوردەواری و گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی، قەرزاری ئەشعاری نەمری قانعی شاعیرن.
ئەم وتەیەی وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە میانی ئەو وتارەدا هاتبوو، کە ئێوارەی رۆژی شەممە (31ـی ئایاری 2025) لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری شاعیری ناوداری کورد، قانعی شاعیر لە شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان پێشکەشیکرد.
رێوڕەسمەکە لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و ئەندامانی بنەماڵەی قانعی شاعیر و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدەبدۆستان ئامادەبوون.
پەیکەری قانعی شاعیر، لەسەر بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە لایەن هونەرمەند “چێنەر نزار” درووست کراوە.
حەمەی حەمەسەعید، لە رێوڕەسمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا گوتی: “ئەمڕۆ خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم، لە تەک ئێوەی بەڕێزدا لە حزووری روحیەتی بەرزی کوردانەی قانع و پەیکەری پڕ ویقاریدا، بەشدارین لەم رێوڕەسمەدا. دەستخۆشی زۆر و پێزانینی خۆمان دەردەبڕم بۆ خاوەنی ئەم بیرۆکەیە و پەیکەرساز و سەرجەم ئەو بەڕێزانەی ئەم پڕۆژە گرنگەیان بە پایان گەیاند”.
گوتیشی: “لە ریزی ژمارەی شاعیرانی کورددا، قانع، تەنیا ناوێک یان ژمارەیەک نییە، بەڵکو زۆر لەوە زیاترە، ئەو بەر لەوەی نوێنەرایەتیی دەستەبژێرێکی ئەدیب و شاعیر و رۆشنبیری کۆمەڵی کوردەواری بکات، نوێنەرایەتیی ویژدانی زیندووی کۆمەڵگەکەمان و هیواو ئاواتی رۆشنبیرانی نیشتمان دەکات و رەچەشکێنێکی سەرمەشق و کەسایەتییەکی بەرجەستەی نیشتمانیی بوو”.
لە بارەی ناوەڕۆکی بەرهەمە شیعرییەکانی قانعی شاعیرەوە، وەزیری رۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بە نەمری بەرهەمەکانی قانع کرد و گوتی: “بەرهەمە جوانەکانی (سروەی بەربەیان – دەشتی گەرمیان – گوڵاڵەی مەریوان – چوارباخی پێنجوێن – باخچەی کوردستان – شاخی هەورامان – پاشمەرگەی قانع)، هەموویان یەک لە یەک مانادارتر و پڕ بایەخترن. وێڕای تێپەڕینی زیاتر لە حەفتا ساڵ بەسەر چاپکردنیاندا هێشتا تازەن و هەندێکجار هەست دەکرێت بۆ ئەمڕۆ نووسراون”.
سەبارەت بە کەسێتی قانعی شاعیر و پێگەی لە کایەی رۆشنبیری کوردیدا، حەمەی حەمەسەعید، باسی لە ژیانی قانع کرد و گوتی: “ئەو ئەگەرچی بە سادەیی و بە ژیانێکی کولەمەرگی ژیا، بەڵام هیچ کاتێک لە پێناو دەستکەوتی مادیدا نەبووە شاعیری دەربار، ئەو وەک رەسوڵی هەمزەتۆڤ لە کتێبی “داغستانی من”دا دەڵێ: “شاعیر نابێ ببێتە سێبەری ڕۆژگار، پێویستە ئاگر و کانگای رووناکی بێت”، بە راستی رووناکی بوو، هەرگیز خۆی نەدایە بەر سێبەری رۆژگار”.
سەبارەت بە کاریگەری و رۆڵی قانعی شاعیر لە پێشخستنی کاروانی رۆشنبیری کوردیدا، وەزیری رۆشنبیری و لاوان گوتی: “دەتوانم بڵێم، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کۆی کایەی رۆشنبیری و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵی کوردەواری و گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی، قەرزاری ئەشعاری نەمری قانعن”.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، وەزیری رۆشنبیری و لاوان یادەوەری خۆی لە بارەی شیعرەکانی قانع گێڕایەوە و ئاماژەی بەوەدا، شیعرەکانی قانع هەوێنی جۆشدانی گیانی بەرەنگاری و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و چەوساندنەوە بوون.
لەو بارەیەوە گوتی: “ئێمە نەوەیەک بووین هەر لەسەرەتای ئاشناییمان بە خوێندنەوە، رووح و بیری نەتەوەییمان بە شیعرەکانی قانع دێراو دەکرد، لە شیعرەکانییەوە فێری ڕەخنەگرتن لە واقیعی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییمان بووین. بیرمە خۆم و زۆرێک لە هەڤاڵەکانم ئەو شیعرە بەرزەمان کردبووە ویردی سەرزمانمان، کە قانع لە زینداندا نووسیویەتی: گەر بەئازادی نەژیم، مردن خەڵاتە بۆ لەشم نۆکەری و سەردانەواندن، کاری نامەردانەیە”.
هەر لە بارەی ئەو شیعرەوە، وەزیری رۆشنبیری و لاوان گوتی: “ئەم شیعرە پڕ جۆش و خرۆشەی قانع، تەنانەت لە ئەدەبی بەرەنگاریماندا تا ئەو شوێنەی پێی بزانم، هاوشێوەی نەبووە. هەر ئەمەشە سیحری زیندوومانەوەی شیعرەکانی بە سەرجەم جۆرەکانی ناوەڕۆکیانەوە، چونکە لە سەرجەمیاندا قانع وەک خۆر دەدرەوشێتەوە”.

