دوای ساڵانێکی زۆر لە دوێتە بەناوبانگەکەیان “ساڵی نوێ”، هەردوو هونەرمەند فەزل شاکر و شیرین عەبدولوەهاب خۆیان بۆ گۆرانییەکی دوێتی نوێ ئامادە دەکەن.
بڕیارە بەرهەمە نوێیەکەیان لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بڵاوبکرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە یەکێک لە بەرهەمە دیارەکانی ئەمساڵ.
گۆرانییە نوێیەکە لە تێکست و ئاوازی جومانە جەمالـە، کە پێشتر لە چەندین گۆرانیدا سەرکەوتنی گەورەی لەگەڵ فەزل شاکر بەدەستهێناوە، دیارترینیان گۆرانیی “أحلى رسمة” بوو کە بۆ ماوەی چەندین هەفتە لە ریزبەندیی یەکەمی پلاتفۆرمە میوزیکییەکاندا مایەوە.
پەیوەندیی نێوان شیرین و فەزل شاکر تەنیا هاوکاریی هونەری نییە، بەڵکو شیرین بە یەکێک لە گەورەترین پشتگیریکارانی فەزل دادەنرێت.
شیرین عەبدولوەهاب لەدوای قەیرانەکەی فەزل شاکر و دوورکەوتنەوەی لە هونەر، لە هەموو بۆنەیەکدا پشتیوانیی خۆی بۆ دووپاتکردووەتەوە.
لە یەکێک لە ئاهەنگەکانیدا، شیرین رووی لە جەماوەر کرد و گوتی: “فەزل شاکر هونەرمەندێکی گەورەیە و سڵاوی بۆ ناردوون، هیوادارم هەموومان پشتگیریی بکەین بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ستەیج”.
شیرین بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە “هیچ کەسێک بۆشایی فەزل شاکر لە جیهانی موزیکی عەرەبیدا پڕناکاتەوە، چونکە خاوەنی هەستێکە کە کەسی تر نییەتی”.
هەروەها شیرین ماوەیەک لەمەوبەر سەردانی فەزل شاکری کرد لە شوێنی نیشتەجێبوونی لە کەمپی “عەین ئەلحلوە” لە لوبنان.

