ئەکتەری بەریتانی، سیمۆن ئاشلی، کە بە رۆڵەکەی لە زنجیرەی “Bridgerton” ناسراوە، بێدەنگیی خۆی شکاند سەبارەت بە سڕینەوەی رۆڵەکەی لە فیلمە نوێیەکەی “فۆرمۆلا وەن” کە براد پیت رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
سەرەڕای سڕینەوەی دیمەنەکانی، ئاشلی بە شێوەیەکی ئەرێنی باسی ئەزموونەکەی کردووە.
ئاشلی لە پۆستێکدا لە ئینستاگرام، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردنی لە فیلمەکەدا دەربڕی و رایگەیاند: “شانازییەکی گەورەیە دەبینم هەمووان لەسەر شاشە و فەرشی سوور دەدرەوشێنەوە. من بە هاوڕێیەتی و یادگارییەوە گەڕامەوە کە هەمیشە لە یادمدا دەمێننەوە.”
لەلایەکی دیکەوە، دەرهێنەری فیلمەکە، جۆزێف کۆسینسکی، هۆکاری سڕینەوەی رۆڵەکەی ئاشلیی روونکردەوە و گوتی: “ئەمە لە هەموو فیلمێکدا روودەدات، ناچاریت زیاتر لەوەی پێویستە وێنە بگریت و هەندێک چیرۆک ناگەنە وەشانی کۆتایی.”
فیلمی “F1” لە 27ی حوزەیرانەوە لە سینەماکانی جیهاندا نمایشکراوە.
براد پیت، ئەستێرەی فیلمەکە، پێشتر رایگەیاندبوو، پێی وایە شۆفێرانی فۆرمۆلا وەن رووبەڕووی فشار و رەخنەی گشتیی زۆر زیاتر دەبنەوە وەک لە ئەکتەرەکان.

