فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس، رایگەیاند، ئەکتەر و نووسەری ئیتاڵی، ئیمانوێلا فانێلی، پێشکەشکاریی رێوڕەسمی دەستپێک و کۆتایی 82ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس دەکات، کە بڕیارە لە رۆژانی 27ـی ئاب و 6ـی ئەیلوولی 2025 لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنی فانێلی، کە بە ستایلە نواندنە ناوازەکەی ناسراوە، لە چوارچێوەی هەوڵی فێستیڤاڵەکەدایە بۆ نوێکردنەوەی زمانی بینراو و میدیایی خۆی لە رێگەی ئەو رووخسارە هونەرییانەی کە گوزارشت لە نەوەی نوێی سینەماکاران و هونەرمەندان دەکەن.
بڕیارە فانێلی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئاب، فێستیڤاڵەکە بکاتەوە، هەروەها پێشکەشکاریی رێوڕەسمی کۆتایی لە ئێوارەی شەممە، 6ـی ئەیلوولدا بکات، تێیدا خەڵاتە فەرمییەکان، بەتایبەتی خەڵاتی “شێری زێڕین”، رادەگەیەنرێن.
فانێلی خاوەنی پێگەیەکی دیارە لە گۆڕەپانی هونەریی ئیتاڵیادا و بە رۆڵەکانی کە تێکەڵەیەکن لە گاڵتەجاڕی و مژاری مرۆیی، ناوبانگی دەرکردووە.
چالاکییەکانی فانێلی بواری نووسینی کۆمیدی، رادیۆ و شانۆش دەگرێتەوە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە یەکێک لە دیارترین هونەرمەندە فرە بەهرەکانی ئیتاڵیای ئەمڕۆ.

