ئەستێرەی جیهانی سیدنی سوینی، سەرسامیی زۆری خۆی بۆ ئەستێرە مارگۆت رۆبی دەربڕی و هیواخوازە مارگۆت بەشی دووەمی فیلمی “Barbie” پێشکەش بکات و دەرفەتێکی هەبێت شانبەشانی ئەو لە فیلمەکەدا بەشدار بێت.
فیلمی “Barbie” لە زنجیرە یارییە بەناوبانگەکانی منداڵانەوە وەرگیراوە و لە 2023 نمایشکرا، مارگۆت رۆبی رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە.
لە فیلمەکەدا رۆبی رۆڵی کارەکتەرێک دەبینێت کە لە جیهانی ناوازەی “Barbie”ـدا دەژی، دواتر گەشت بۆ جیهانی راستەقینە دەکات و رووبەڕووی شۆکێکی کولتووری دەبێتەوە.
لە 2023 و دوای سەرکەوتنی فیلمەکە، رۆبی دەنگۆی دروستکردنی بەشی دووەمی وروژاند کاتێک لەگەڵ گۆڤاری “Time” باسی بیرۆکەکەی کرد و گوتی: “رەنگە لە ئێستاوە شتەکان بەرەو ملیۆنێک ئاراستەی جیاواز بڕۆن، بەڵام پێم وایە دەکەویتە داوێکەوە ئەگەر هەوڵ بدەیت فیلمی یەکەم بە جۆرێک ئامادە بکەیت کە پلانی بەشەکانی دواتریشی لەگەڵ دابنێیت”.
لە کۆتایی هەمان ساڵدا، لە کاتی قسەکردنی بۆ ئاژانسی “Associated Press”، بیرۆکەکەی رەتکردەوە و گوتی، ئەو و دەرهێنەر گرێتا گێرویگ “هەموو توانای خۆیان لەم فیلمەدا خستووەتەگەڕ و بۆ ئەوە دروستیان نەکردووە کە ببێتە سیانەیەک”، گوتیشی: “ناتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆم کە دوای ئەمە چی دێت”.

