لە رێوڕەسمێکدا بە ناساندنی کتێبی “مەم و زینی ئەحمەدی خانی، لێکدانەوە و شرۆڤەی سۆرانی”، بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پ.د.ک رێز لە نووسەری کۆچکردوو محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری گرت.
رێوڕەسمێکە رۆژی چوارشەممە لە هۆڵی موکریانی، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پ.د.ک و خانەوادەی کۆچکردوو محەممەد شێخ مستەفا زراری و ژمارەیەک لە نووسەر و هونەرمەند و شاعیر و بەرپرسانی حزبی و حکوومی بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمێکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەکانی محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری، پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پ.د.ک لە گوتارەکەیدا، باسی لە گرنگیی مەم و زین وەک شاکارێکی مەزن کرد، کە ڕەگ و ڕیشەی بۆ “مەمی ئالان” دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەک کە شرۆڤە و لێکدانەوەکە لە باکوور بۆ بۆیەزید دواتریش بۆ گوندێکی پشتی هەولێر و لە رێی گۆڕینی شێوەزارێکەوە بۆ سۆرانی، هەموو ئەمانە بابەتی گەلێک گرنگن کە گرنگە ڕۆژنامەنووس و نووسەران بە قووڵی کاری لەسەر بکەن.
بەرپرسی بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پ.د.ک لە درێژەی گوتارەیەکەیدا گوتی:”کەسایەتییەکی وەک مامۆستای کۆچکردوو مامۆستا محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری، ئەگەر ژیاننامەی ئەم کەڵە مرۆڤە بخوێننەوە، ئەوکات بە گرنگییەوە، وەک بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندن رێز لەم کەسایەتییە دەگرین، ئەمەش وەک بەشێک لە کارکردن لە بوارەکانی هونەر و رۆشنبیری و کولتوور و ئەدەب. ئەحمەدی خانی یەکێک لەو سیمبول و هێمایانەیە کە دەبێت هەموو پارچەکانی کوردستان کاری لەسەر بکەن و وانە و پەندی لێوە وەرگرن. ئەحمەدی خانی لە زیهنی هەموو کوردێک دەژی، دنیا و نەتەوەکانی دیکەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە.”
د. ســـالار عوسمان سەرنجی ئامادەبووانی بۆ خاڵێکی گرنگ لە ژیانی کۆچکردوو راکێشا و گوتی:”مامۆستا محەممەد لە خانەوادەیەکی کوردپەروەری ئاینپەروەرەوە، کاری لەسەر ئەڤینداری کردووە ئەمەش دەستی پارادۆکسە، تەبا لە دینەوە بۆ ئەڤینداری ئەمە بۆ خۆی حیکمەتێکی مەزنە.”
پاشان، پارچە میوزیکێک بە ئامێری کلارنێت لەلایەن هونەرمەند ئەحمەد سەباح، وەک بەشێک لە بڕگەکانی رێوڕەسمەکە پێشکەش کرا.
پێشکەشکردنی پانێڵێک بەناونیشانی “مەم و زین، شاکارێکی گەشی ئەدەبی”، یەکێکی دیکە بوو لە کارنامەی رێوڕەسمەکە، شەرمین وەلی، وەک بەڕێوەبەری پانێڵ و د.شێرزاد شەفیع بابۆ بارزانی و سەنگەر زراری شرۆڤە و لێکدانەوەی قووڵیان لەم بارەیەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ رێزگرتن لە ژیانی پڕ بەها و سەروەری محەممەد مەلا شێخ مستەفا زراری، رێزلێنانی بەخشییە خانەوادەکەی.
لە رێوڕەسمەکەدا، گوتاری بنەماڵەی نووسەر محەمەد مەلا شێخ مستەفا زراری، خوێندرایەوە، تێیدا سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پ.د.ک کرد کە بەردەوام بە گرنگی و بایەخەوە یادی نووسەرانی کورد دەکاتەوە، ئەم هەنگاوەشیان وەک هەنگاوێکی پڕ بەها وێنا کرد.
لە کۆتا بڕگەی ئەم یادکردنەوە شایستەیەدا، کتێبی “مەم و زین شرۆڤە و لێکدانەوەی سۆرانی” لە نووسینی محەمەد مەلا شێخ مستەفا زراری، پێشکێشی ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە کرا.

