لە رێوڕەسمێکدا لە شێخان، یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی شێخان بەرز ڕاگیرا و دامەزراندنی، تۆڕی میدیایی شێخان راگەیەندرا.
رێوڕەسمەکە رۆژی چوارشەممە، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندن و ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ـی پ.د.ک، شڤان حەمدی، بەرپرسی ئاژانسی زاگرۆس و ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆشنبیران و نووسەران و کەسایەتیی ئاینیی و کۆمەڵایەتی و هونەرمەند و رۆژنامەنووس و بەرپرسانی حزبی و حکوومی قەزای شێخان،
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد، پاشان دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە گرنگیی دامەزراندنی رادیۆی شێخان پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
د.سالار عوسمان، لە گوتارەکەیدا باسی لە گرنگیی قەزای شێخان کرد و گوتی: ئەگەر سەیری ئەم قەزا شیرینەی کوردستان بکەین، دەبینین بە درێژایی ئەو سەت ساڵە و پێشتریش زێد و مەڵبەندی پێکەوەژیان و فرەڕەنگیی و هەم پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بووە، ئێمە لە شوێنێک لە زێدێک دەئاخڤین کە جیۆگرافیای رەنگەکان و پێکەوەژیان بووە، بۆیە بە شانازییەوە ڕادیۆی شێخان هەمان خەسڵەتی هەڤژیانی و فرەڕەنگی و پێکەوەژیانی بەرجەستە کردووە.
بەرپرسی بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندن، لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: پەیامی ئەم رادیۆیەش پەیامی دەڤەرەکەیە، پەیامێکی قووڵی دیرۆکییە، پەیامی جیۆگرافیا رەنگینەکەیەتی.
لێرەوەیش بەڵێن دەدەین، ئەم میدیایە، میدیای هەمووان بێت بەبێ جیاوازی، چونکە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە خەسڵەتی رۆشنی رێبازی بارزانیی فێربووین کە لە کوردستان، جیاوازیی، پێکهاتە، ئایینەکان، نەتەوەکان و تێگەیشتنە جیاوازە فکرییەکان کۆبکەینەوە بۆ کوردستانێکی باشتر و رەنگینتر.
پاشان، چەند پارچە میوزیکێک لەلایەن ژمارەیەک بەهرەمەندی دەڤەرەکە و کەرنەڤاڵێکی هونەری ناوازە لەلایەن تیپی هونەری شاریا پێشکێش کران، کە گوزارشت بوون بۆ پێکەوەژیانی ئاینیی و نەتەوەیی و ناسنامەی کەلتووریی شێخان.
لە یادەکەدا، بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندن دیارییەکی پڕ بەهای پێشکەشی قەزای شێخان کرد، ئەویش بە دامەزراندنی تۆڕی میدیایی شێخان، کە بۆ لەمەودوا لە رێگەی تۆڕێکی فراوانی میدیاییەوە خزمەتی ناوچەکە دەکات.
لە یادەکەدا، خەڵاتی ساڵانەی رادیۆی شێخان، بەخشرایە بنەماڵەی مەلا خەلیل موشەختی، کە یەکێکە لە هەڵبەستڤانە دیارەکانی کوردستان لە بوارەکانی ئەدەبی کوردی و ئەدەبیاتی کلاسیک.
بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ رێزگرتن لە هەنگاو و بەرەڤپێشچوونە میدیاییە گرنگەکانی ڕادیۆی شێخان و ئەو کاریگەرییە پڕ بەهایەی کە لەو ماوەی کورتەی کارکردنیان هەیانبووە گوڵی رێزلێنانی بەخشیە ستافی رادیۆکە.

