یەکێک لەو گۆرەوییە بەکارهاتووەکانی کە مایکل جاکسنی پاشای پۆپ لە گەشتە هونەرییە بەناوبانگەکەی “HIStory” لە ساڵی 1997 لەبەری کردبوو، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە باشووری فەرەنسا بە بڕی 6200 یۆرۆ فرۆشرا.
نرخی خەمڵێنراوی گۆرەوییەکە لەنێوان 3000 بۆ 4000 یۆرۆ بوو، بەڵام بەهۆی گرنگیی مێژوویی و کێبڕکێی کۆکەرەوەکانەوە نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
جاکسن ئەم گۆرەوییەی لە کاتی پێشکەشکردنی سەمای بەناوبانگی “Moonwalk” لەسەر گۆرانییەکانی “Beat It” و “Billie Jean” لە کۆنسێرتەکەی شاری نیس لە فەرەنسا بەکارهێناوە. ئەم پارچەیە وەک بەشێک لە مێژووی پۆپ و سەما دادەنرێت و بووە جێی سەرنجی میدیاکانی جیهان.

