رۆژی یەکشەممە، لە شاری کەرکووک، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی دیاری کوردستان سابیر کوردستانی بەرز راگیرا.
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن و، د.شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و محەممەد کەمال بەرپرسی لقی 3 پ.د.ک، سەرۆک و ئەندامی فراکسیۆنی پ.د.ک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان، رۆشنبیران، نووسەران، کەسایەتی، رۆژنامەنووس و بەرپرسانی حزبی و حکوومی شاری کەرکووک و خانەوادەکەی بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا بەڵگەفیلمێک بە ناونیشانی “دەنگێک بۆ رۆشنکردنەوەی تاریکییەکان” سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەکانی هونەرمەند سابیر کوردستانی نمایشکرا.
لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا، پێنج مۆم داگیرسێندرا و گوڵ لە پێش وێنەی هونەرمەند سابیر کوردستانی دانرا، کە گوزارشت بوون لە وەفاداریی خانەوادە و دۆست و هاوڕێیانی.
د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پ.د.ک، لەبارەی یادەکە گوتی: یەکەم چالاکی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی لە کەرکووک بۆخۆی مانایەکی قووڵی هەیە، چونکە ئەم چالاکییەمان کردە چەپکێک گوڵی وەفا بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەم یادەوە بە هەمووان بڵێین ئێمە لە کەرکووکین و لێرە دەمێنیینەوە و بەیانیش دێینەوە.
بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن باسی یەکەم دەرکەوتنی رەوانشاد سابیر کوردسانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد؛ دەمانەوێ پێکەوە لە ئێوارەیەکی پڕ رەنگی کەرکووکی دڵی کوردستان بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1970 و رێککەوتننامەی ئادار و ئەم دەستکەوتە مەزنەی ئەیلوول کە مامۆستا سابیر کوردستانی لەوێ لەڕێی گۆرانییەوە خۆی ناساند و دوو ساڵ دواتر لە یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوان، دووبارە بە قووڵتر خۆی ناساند و لەوێیوە سابیر کوردستانی بووە ناوێکی زۆر کاریگەر و گەورە کە ئێستا هەموومان یادی دەکەینەوە.
دواتر، ئاهوورا کوردستانی، بابەتێکی بە نێونیشانی “خاوەن پێداویستیی تایبەت و داهێنان” پێشکەشکرد.
پاشان، چەند پارچە میوزیکێک لەلایەن ژمارەیەک هونەرمەند پێشکەشکران، لەوانە: بەرهەمی، “خۆزگە و بەڵێنی دابوو” لەلایەن هونەرمەند شوان عومەر، هەروەها بەرهەمی “ئەمیرە” لەلایەن هاوژین سابیر کوردستانی کچی کوچکردوو سابیر کوردستانی پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
هونەرمەند شاخەوان کەرکووکی، لەژێر ناونیشانی “مێژووی شاکارە هونەرییەکانی هونەرمەند سابیر کوردستانی” گوتەیەکی پێشکەشکرد.
رێزلێنانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ رێزگرتن لە هونەرمەندی دیاری کوردستان سابیر کوردستانی، لەلایەن د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەخشرایە خانەوادە هونەرمەند.
دواتر چەندین گوڵی وەفاداری بەخشرایە خانەوادەکەی، لەلایەن: د. سالار عوسمان، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پ.د.ک، عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان-لقی کەرکووک، کتێبخانەی کارێز، کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی- لقی کەرکووک، بەختیار حاجی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، هانا سابیر کوردستانی کچی کوچکردوو سابیر کوردستانی، گوتاری بنەماڵەی خوێندەوە، تێیدا بە گرنگیی و پێزانینەوە باسی لە هەوڵ و هەنگاوەکانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پ.د.ک کرد لە پاراستنی ناو و مێژووی هونەرمەندانی رەسەنی کوردستان.

