ئەستێرەی پۆپی جیهانی، تایلۆر سویفت، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا ١٢هەمین ئەلبوومی ستۆدیۆیی خۆی بە ناوی “The Life of a Show Girl” (ژیانی کچێکی نمایشکار) راگەیاند.
سویفت لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی “New Heights” کە لەلایەن خۆشەویستەکەی، تڕاڤیس کێڵسەوە پێشکەش دەکرێت، هەواڵەکەی ئاشکرا کرد و وێنەیەکی ناڕوونی بەرگی ئەلبوومەکەشی پیشان دا.
هەرچەندە تا ئێستا وادەی فەرمیی بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکە دیاری نەکراوە، بەڵام داواکاریی پێشوەختە بۆ کڕینی ڤینیل، کاسێت و سی دی لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی گۆرانیبێژەکە دەستیپێکردووە. ئەم هەنگاوە نوێیەی سویفت دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ئایاری رابردوودا توانیی مافی سەرجەم تۆمارەکانی شەش ئەلبوومی یەکەمی خۆی بکڕێتەوە و کۆتایی بە کێشە یاساییە درێژخایەنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای پێشووی بهێنێت.

