zagros news agency

رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی پێنجەمین کتێبی بازنەی گفتوگۆ بەڕێوەچوو

لە هۆڵی راگەیاندن لە بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پ.د.ک، رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی پێنجەمین کتێبی بازنەی گفتوگۆ بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی مەحمود محەمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، زاگرۆس فەتاح ئەندامی مەكتەبی سیاسیی، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندن، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پارێزگاری هەولێر و بەشێک لە ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی پ.د.ک و بەرپرسانی حزبی و حکومی ژمارەیەك لە وەزیر و پەلەمانتار و بەرپرسانی سەربازی و هێزی پێشمەرگە و ڕۆشنبیر و رۆژنامەنووسان و بەشداربووانی هەر 6 ئەلقەی گفتوگۆی وەرزی پێنجەمی بازنەی گفتوگۆ ئامادەبوون.

د.سالار عوسمان لە پەیڤێكدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بازنەی گفتوگۆ ئورگانێکی سەربەخۆ و پلاتفۆرمێكی كراوەیە بۆ پێكەوە كۆكردنەوەی جیاوازییە سیاسیی و نەتەوەیی و ئایینەكانی وڵاتی خۆمان و پێكەوە گرێدانەوەی خواستی هاوڵاتیان بە حكومەتی خۆیانەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی کارا بەشداریی بەردەوامیان لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتدا هەبێت، لەبەشێكی دیكەی پەیڤەكەیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە تەنیا رێگە بۆ لێكتێگەیشتن و دروستكردنی هاریكاری و هەماهەنگی لەنێوان كۆی جیاوازییەكانمان ئەوەیە پێكەوە گفتوگۆ بكەین بۆ ئەوەی لێكتێگەیشن دروست بێت و پێكەوە رێگەی گونجاو بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانمان بدۆزینەوە.

بڕگەیەكی دیکەی رێوڕەسمەکە تەرخانكرابوو بۆ هونەری شێوەكاری، تێیدا شیوەکار سۆما توانا مەرجان، لەماوەی چەند خولەكێكدا تابلۆیەكی نەخشاند كە گوزارشت بوو لە گفتوگۆیەکی هەمەچەشنی فرە رەنگ و فرە دیدگا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمان.

هەر لەم رێوڕەسمەدا لە چوارچێوەی پانێلێکدا کە پانێلست ژیان جەلال، سەرنووسەی گۆڤاری هەردەم بەڕێوەی برد بۆ د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناونیشانی “كارە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان” لە پانێڵەکەدا، د.ئومێد سەباح راشكاوانە ئاماژەی بەو بەرنامە چاكسازییە كرد كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو سێكتەرەكانی حكومەتدا هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە و جێبەجێی كردووە، سەبارەت بە بژێویی خەڵك و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە لە كابینەی نۆیەمدا مووچە ئەولەویەتی كارەكانی حكومەت بووە و هەتا ساڵی 2023 كە بەبڕیاری دادگای پاریس هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیرا، حكومەت دەیتوانی مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، بەڵام لەدوای ئەو بڕیارەوە هەوڵەكان بەردەوامن لەگەڵ حكومەتی بەغدا بۆ ئەوەی بەلێكتێگەیشتن بگەینە چارەسەرێكی ئەوتۆ كە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت، بۆ ئەمەش جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە رێككەوتنی باش كراوە لە نێوان هەردوولا بۆ ئەوەی سەر لەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبكاتەوە.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا سوپاس و پێزانینی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاراستەی ئەندام و میوانانی بازنەی گفتوگۆ کرا.

بازنەی گفتوگۆ، ئورگانێکی سەربەخۆی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پ.د.ک ـە و هەر ئەڵقەی تیشک دەخاتە سەر پرسێکی پەیوەست بە ژیانی خەڵکەوە، تا ئێستا پێنج کتێبی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی چاپ کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کامێرۆن کرۆ ستایشی تۆم کرووز دەکات

ART

داهاتی “Bob Marley: One Love” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

داهاتی “Gladiator 2” لە سینەماکانی جیهاندا

ART