حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری سلێمانی لە سەردانێکدا، کە هونەرمەند نیاز نوری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان یاوەری بوو، هەریەک لە هونەرمەند جەلیل زەنگەنە و شوێنەوارناس عەبدولڕەقیب یوسفی بەسەرکردەوە.
لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، وەزیری رۆشنبیری و لاوان وێڕای هەواڵپرسین و نرخاندنی کۆشش و هەوڵەکانی هونەرمەند جەلیل زەنگەنە بۆ خزمەتی هونەری کوردی بە تایبەتی هونەری دراما و نواندن، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن و هەماهەنگی زیاتر لە پێناو سەرخستن و تەواوکردنی پڕۆژە هونەرییەکانی هونەرمەند.
دواتر وەزیری رۆشنبیری و لاوان سەردانی ماڵی عەبدولڕەقیب یوسفی کرد و بە ئامادەبوونی دادوەری ناسراوی کورد، رزگار حەمەئەمین، مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف، باسی لە هەوڵەکانی خۆی بۆ خزمەتکردنی مێژووی شوێنەواری لە کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر ئەو پڕۆژانەی، کە لە بەرنامەیدایە تەواویان بکات.
لەو بارەیەوە وەزیری رۆشنبیری و لاوان ئامادەیی هەر جۆرە هەماهەنگی و پشتیوانییەکی بۆ مامۆستای شوێنەوارناس و مێژوونووسی شوێنەواری لە کوردستان دەربڕی و هیوای خواست تەمەن مەودای بدات، پڕۆژەکانی بە ئەنجام بگەیەنێت.

