zagros news agency

نووری بیلگە جەیلان سەرۆکایەتیی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی قاهیرە دەکات

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە، کە لەژێر چاودێریی وەزارەتی ڕۆشنبیریی میسر بەڕێوەدەچێت، ڕایگەیاند، دەرهێنەری تورک، نووری بیلگە جەیلان، وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەرانی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی بۆ خولی چل و شەشەمی فێستیڤاڵەکە دەستنیشان کراوە. 

جەیلان وەک یەکێک لە دیارترین دەرهێنەرە هاوچەرخەکانی سینەمای جیهان دادەنرێت، کە کارەکانی بە قووڵیی مرۆیی، فەلسەفی و زمانە بیناییە ناوازەکەیان ناسراون. فیلمی (Winter Sleep) خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی لە فێستیڤاڵی کان بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا فیلمەکانی (Distant) و “ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەنادۆڵ” خەڵاتی گەورەی هەمان فێستیڤاڵیان بردووەتەوە، هەروەها خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بۆ فیلمی “سێ مەیموونەکە” وەرگرتووە. 

فیلمەکانی وەک وێستگەیەکی دیار لە سینەمای جیهاندا سەیر دەکرێن بەهۆی ئەو پرسیارە بوونگەرایی و دیدگا جوانناسییە تایبەتانەی کە هەڵیانگرتووە.

حوسێن فەهمی، سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە، ڕایگەیاند: “سینەماکەی نووری بیلگە جەیلان پێوەرێکە بۆ هونەری باڵای سینەمایی. هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەران ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی فێستیڤاڵەکەیە بە ڕێزگرتن لە دەنگە سینەماییە بوێرەکان و دیدگا داهێنەرەکان، هەروەها پتەوکردنی پێگەی قاهیرەیە وەک پردێکی جیهانی کە گرنگترین داهێنەران کۆدەکاتەوە.”

بڕیارە فێستیڤاڵەکە لە ١٢ تا ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە قاهیرە بەڕێوەبچێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنغام لە کوەیت و هەرەمەکانی میسر کۆنسێرت ساز دەکات

ART

داهاتی بەشی دووەمی “Dune” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

داهاتی “Ghostbusters: Frozen Empire” لە سینەماکانی جیهاندا

ART