نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دێرینی پارێزگای دهۆک، جەمال سلێمان بەرواری، دوای تەمەنێک خزمەت لە بواری نووسین و ڕۆژنامەوانیدا، لە شاری دهۆک کۆچی دوایی کرد.
کۆچکردوو دەرچووی بەشی کوردیی زانکۆی بەغداد بوو و هەر لە سەردەمی خوێندکارییەوە دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردبوو. لە ماوەی کارکردنیدا وەک بێژەر لە ئێزگەی کوردی بەغداد (1972 – 2003)، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە دیارەکانی هونەری کوردی ئەنجامداوە، لەوانە حەسەن زیرەک، عەیشە شان، مەزهەری خالقی، و تەحسین تەها.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەکەی و نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە خزمەتەکانی کۆچکردوو “وەک گەنجینەیەکی گرنگی مێژووی هونەر و ڕۆژنامەنووسی کوردی دەمێننەوە.”

