رۆژی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە شاری سلێمانی کرایەوە.
ڕێوڕەسمی کردنەوەکە بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆشنبیران، خوێنەران، و جەماوەرێکی زۆر بەڕێوەچوو. ئەم پێشانگەیە هاوکاتە لەگەڵ یادی هەشت ساڵەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی.
لە وتارێکدا کە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەکەدا پێشکەشی کرد، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، ڕایگەیاند: “کردنەوەی خولی سەرۆک تاڵەبانی ئەڵقەیەکی دیکەی خزمەتەکانی زنجیرەی ژیانسازی و فرە ڕەنگی و فرەدەنگی پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان و شاری داهێنەرانی ئەدەبی، سلێمانی خۆشەویستە.” ناوبراو جەختی لەسەر گرنگی ئەم پێشانگەیە کردەوە کە ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت و بووەتە “مەڵبەندێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان، شادبوونی نووسەران بە خوێنەرەکانیان و هەروەها جووڵەیەکی گرنگی بازرگانی و ئابووری لە سنوورەکە فەراهەم دەکات، کە هەموولایەک لێی سوودمەند دەبێت”.
وەزیری ڕۆشنبیری ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە نمایشی کتێب، دەیان چالاکی ئەدەبی و هونەری و ڕووناکبیری بەڕێوەدەچن کە “زەمینەیەکی لەبار بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بۆچوونە جیاوازەکان دەڕەخسێنێت و پەیوەندییەکی پتەوی کولتووری لە نێوان دامەزراوەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی وڵاتان و گەلان و زمانە زیندووەکانی ناوچەکە و جیهان دروست دەکات.” لە بەشێکی گرنگی وتارەکەیدا، حەمەی حەمەسەعید دووپاتی کردەوە کە وەزارەت لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە “کارمان کردووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاسایشی فیکری کۆمەڵگە و خوێنەرانمان بکەین، چونکە پارێزگاری لە ئاسایشی فیکری ڕۆڵەکانمان و بەرگریکردن لە بەها باڵاکانی کۆمەڵگە بە ئەرکی خۆمان دەزانین”.
پێشانگەکە بە بەشداری 250 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 16 وڵاتی جیاوازەوە کراوەتەوە و تێیدا زیاتر لە 250 هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێب نمایش کراوە. بڕیارە ئەم ناوەندە ڕۆشنبیری و فەرهەنگییە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام بێت و ببێتە سەکۆیەک بۆ گەشەپێدانی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی و بنیاتنانی پەیوەندی کولتووری.

