رۆژی چوارشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە شاری هەولێر، یادی ڕۆژی جیهانیی میوزیکی کرایەوە.
لە هۆڵی پێشەوا لە دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، کۆنسێرتێکی میوزیک بەم بۆنەیەوە سازکرا کە ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و جەماوەرێکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان ئامادەی بوون.
کۆنسێرتەکە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەشی میوزیک، و بە هەماهەنگیی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.
فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە وتەیەکدا جەختی لەسەر پێویستیی یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە جیهانییە و بوژاندنەوەی ناوەندە هونەرییەکان بە بەرهەمی هونەریی نوێ و کوالێتی بەرز کردەوە. ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند کە “ئەگەر دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنرێت، هونەرمەندانی کورد هیچیان لە هونەرمەندانی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕووی هونەرەوە کەمتر نییە”، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ توانای بەرزی هونەرمەندانی کورد.
بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بە لایەنێکی دیکەی یادەکەش دا، ئەو رۆژە هاوکاتە لەگەڵ یادی 15 ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەند حەمەجەزا و یادی 13 ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەند عەدنان جەمال. هەردوو هونەرمەندەکە وەک دوو کۆڵەکەی گرنگی ئاواز و گۆرانی و میوزیکی کوردی دەناسرێن و ڕۆڵێکی گەورەیان لە خزمەتکردنی هونەری ڕەسەنی کوردیدا گێڕاوە. ئەم کۆنسێرتە نەک تەنها ئاهەنگگێڕانێک بوو بۆ ڕۆژی جیهانی میوزیک، بەڵکو ڕێزلێنانێکی شایستەش بوو بۆ ئەو هونەرمەندە گەورانەی کە جێدەستیان بەسەر میوزیکی کوردیدا دیارە.

