رۆژی دووشەممە ٦ـی ١٠ـی ٢٠٢٥ لە شاری دهۆک، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و ژمارەیەک لە بەرپرسان و نوێنەرانی دامودەزگاکانی حزبی و ئیداریی دەڤەرەکە و ژمارەیەکی زۆر ئەدیب و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانی چوار پارچەی کوردستان، دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵی خانی بەڕێوەچوو.
ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتیی زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو، بە لە خۆگرتنی دوو پانێڵ، کە تایبەت بوون بە سۆشیالمیدیا و ژیریی دەستکرد.
لە پانێڵی یەکەمدا کە پانێڵی چوارەمی فێستیڤاڵەکە بوو بە نێونیشانی “کۆمەڵگە و سۆشیالمیدیا” هەریەک لە ئازاد حەمەدئەمین، بە نێونیشانی “ڕۆڵی یاسا لە کۆنرۆڵکردنی سۆشیالمیدیای نەرێنی دا” و د. سادق هەڵەبجەیی، بە نێونیشانی کاریگەری سۆشیالمیدیا لەسەر جیهان، هەروەها د. مەهدی شەعبان، بە بە نێونیشانی ئاسۆی داهاتووی سۆشیالمیدیا بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو، ڕۆژان ئەحمەد پانێڵی چوارەمی فێستیڤاڵەکەی بەڕێوەبرد.
لە پانێڵی پێنجەمدا کە ناونیشانەکەی “کورد و جیهانی زیرەکیی دەستکرد” بوو ، دلین سەردار بەڕێوەی برد، هەریەک لە د. شێرزاد سەبری بە نێونیشانی “زمانی کوردی-زاروەی بەههدینی و ئەی ئای”، و د. جیهان عەبدولعەزیز، بە نێونیشانی “هەنگاوەکانی سوود وەرگرن لە ئەی ئای” و هەکار هەرکی، بە نێونیشانی “ڕاگەیاندن و زیرەکیی دەستکرد”، سەرنج و دیدگای خۆیان بۆ میوانانی فێستیڤاڵەکە خستەڕوو.
لە کۆتایی هەر پانێڵێکیشدا گفتوگۆ لەنێوان ئامادەبووان و پانێڵستەکان کرا و سوپاسنامە پێشکەشی هەموو پانێڵستەکانی فێستیڤاڵەکە کرا.
پاشان، لە ڕێگەی لیژنەی ڕاسپاردەکانەوە پێشنیازی ئەکادیمیست و ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە کۆکرانەوە و گفتوگۆ و خوێندنەوەیان بۆ کرا.
فێستیڤاڵەکە بە گەشتێک بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆتایی هات و لەم گەشتەدا شوێنە گەشتیاریی و کلتوریەکانی دەڤەرەکە بە میوانان پیشاندرا.

