ئەستێرەی جیهانی، ئەنجلینا جولی، لەژێر فشارێکی دەروونیی تونددایە بەهۆی بەردەوامیی شەڕە یاساییە درێژخایەنەکەی لەگەڵ هاوژینی پێشووی، براد پیت، لەسەر خاوەندارێتی کارگەی بەناوبانگی شەرابی فەرەنسی، شاتۆ میراڤال.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی “National Enquirer”، سەرچاوەیەکی نزیک لە جولییەوە ئاشکرای کردووە، ئەم کێشەیە بووەتە هۆی نیگەرانیی بەردەوام و بێخەویی بۆی، چونکە هەست دەکات ئەگەر دۆسییەکە لە بەرژەوەندیی ئەو کۆتایی نەیەت، زۆر شت لەدەست دەدات.
خانمە ئەکتەرەکە لە بەڵگەنامە یاساییەکاندا روونیکردووەتەوە، خۆی و منداڵەکانی لەوەتەی جیابوونەوەیان لە 2016، سەردانی ئەو موڵکەیان نەکردووەتەوە، چونکە قۆناغێکی سەخت و ئازاربەخشی ژیانیان بیر دەهێنێتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی جولی سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە شەڕەکە تا کۆتایی، بەڵام رێکارە یاساییەکان لە رووی دەروونی و داراییەوە ماندووی کردووە.

