ئەکتەری سویدی، بیۆرن ئەندرێسن، کە بەهۆی ڕۆڵە سەرنجڕاکێشەکەی لە فیلمی کلاسیکی “مەرگ لە ڤێنیس” (Death in Venice) لە ١٩٧١ ناوبانگێکی جیهانیی بەدەستهێنا، لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
هەواڵی مردنی لەلایەن دەرهێنەرانی فیلمی دۆکیۆمێنتاریی “جوانترین کوڕی جیهان” (٢٠٢١) ڕاگەیەندرا، کە تیشکی دەخستە سەر ئەو ئازارانەی ئەندرێسن لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا دوای بەشداریکردنی لەو فیلمەدا تووشی بوو.
ئەندرێسن منداڵییەکی ناخۆشی هەبووە و دوای ئەوەی لەلایەن دەرهێنەری ئیتاڵی لۆچینۆ ڤیسکۆنتییەوە بۆ ڕۆڵەکە هەڵبژێردرا، ژیانی بە تەواوی گۆڕا.
هەرچەندە فیلمەکە ناوبانگێکی یەکشەوانەی پێبەخشی، بەڵام نازناوی “جوانترین کوڕی جیهان” کە ڤیسکۆنتی لە فێستیڤاڵی کان پێی بەخشیبوو، بووە بارێکی قورس لەسەر شانی و کاریگەرییەکی نەرێنی و درێژخایەنی لەسەر تەواوی ژیانی پیشەیی و تایبەتییەکەی جێهێشت.
ئەو زۆرجار وەک قوربانیی پیشەسازی فیلم و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەکتەرە گەنجەکان سەیر دەکرا.

