پلاتفۆرمی جیهانی نێتفلێکس بە فەرمی ڕایگەیاند کە وەرزی دووەمی زنجیرەی لایڤ-ئاکشنی “One Piece” لە ١٠ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٦ نمایش دەکرێت و ناوی “One Piece: Into the Grand Line”ی لێنراوە.
ئێیچیرۆ ئۆدا، داهێنەری مانگای ڕەسەنی زنجیرەکە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: “ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ نێتفلێکس و ستۆدیۆکانی Tomorrow کار لەسەر ئەم پرۆژەیە دەکەم. وا دیارە خەڵکی لە سەرانسەری جیهان چێژیان لە زنجیرەکە وەرگرتووە، ئەمەش وادەکات ماندووبوونی تیمی بەرهەمهێنان بەهای خۆی هەبێت”.
ئۆدا هەروەها ئاشکرای کرد، نێتفلێکس تەنیا دوای دوو هەفتە لە نمایشکردنی وەرزی یەکەم، بڕیاری نوێکردنەوەی زنجیرەکەی داوە، بەڵام داوای لە هەواداران کرد ئارام بگرن چونکە نووسینی سیناریۆی وەرزی نوێ کاتی دەوێت.
زنجیرەکە، کە لە مانگا پڕفرۆشەکەی ئۆدا وەرگیراوە، بەدوای سەرکێشییەکانی مۆنکی دی لوفی و تیمە چەتەییەکەیدا دەگەڕێت لە گەشتێکیاندا بەنێو زەریاکاندا بۆ دۆزینەوەی گەنجینەی “وەن پیس” و بوون بە پاشای چەتەکانی دەریا.
وەرزی یەکەمی زنجیرەکە ڕیکۆردی پێوانەیی شکاند و لە ٨٤ وڵاتدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، بەمەش ڕیکۆردی زنجیرەکانی “Wednesday” و “Stranger Things”ی تێپەڕاند.

