رۆژی چوارشەممە، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سێیەمین خولی فێستیڤاڵی ئەدەبیی گەرمیان – کەرکووک، کە ئەمساڵ بەناوی هونەرمەند شوکر خەیاتەوە بوو، لە شاری کەرکووک بەڕێوەچوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا، دەلیل جەمال، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری رۆشنبیری و لاوان، بە نوێنەرایەتیی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی رۆشنبیر، نووسەر و ئەدیبانی گەرمیان و کەرکووک ئامادەبوون.
لە وتارێکدا کە بەناوی وەزارەتەوە پێشکەشی کرد، دەلیل جەمال جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان وەک رابردوو، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی رۆشنبیران، هونەرمەندان و وەرزشوانانی کەرکووک و ئامانجی سەرەکییان خزمەتکردنی بوارە جیاوازەکانە لە پارێزگاکەدا.
هەروەها سوپاس و پێزانینی وەزیری رۆشنبیریی ئاراستەی سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە کرد و هیوای بەردەوامیی بۆ خواستن.

