پێش دەستپێکردنی وەرزی پێنجەم و کۆتایی، قەیرانێکی نوێ لە پشتی کامێرای زنجیرەی بەناوبانگی “Stranger Things” سەریهەڵداوە، دوای ئەوەی ئەستێرەی گەنج، میلی بۆبی براون، سکاڵایەکی فەرمی دژی هاوکارەکەی، دەیڤد هاربەر، تۆمار کردووە و بە “گێچەڵپێکردن و گاڵتەجاڕی” تۆمەتباری دەکات.
بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی جیهانی، لەنێویاندا دەیلی مەیڵ، رووداوەکان پێش دەستپێکردنی وێنەگرتنی وەرزی کۆتایی روویانداوە، ئەمەش وای لە پلاتفۆرمی نێتفلیکس کردووە لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی دەستپێبکات کە چەند مانگێکی خایاندووە.
سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سکاڵاکە هیچ تۆمەتێکی “رەفتاری سێکسیی نەشیاو”ی لەخۆنەگرتووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە رەفتارەکانی هاربەر وایان لە بۆبی براون کردووە هەست بە “بێزارییەکی زۆر” بکات لە شوێنی کارکردن.
بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت، نێتفلیکس رێوشوێنی ئەمنیی توندی گرتووەتەبەر و کەسێکی تایبەتیشی دامەزراندووە بۆ ئەوەی بە درێژایی ماوەی وێنەگرتنەکە یاوەریی براون بکات وەک پشتیوانییەک بۆی.
وەرزی کۆتایی زنجیرەی “Stranger Things” مانگی داهاتوو لە سێ بەشدا نمایش دەکرێت: بەشی یەکەم لە ٢٦ی تشرینی دووەم، بەشی دووەم لە ٢٥ی کانوونی یەکەم، و ئەڵقەی کۆتاییش لە شەوی سەری ساڵدا نمایش دەکرێت، کە بڕیارە لە سینەماکانیشدا پیشان بدرێت.

