ئەستێرەی جیهانی، جێنیفەر لۆرانس، ئاشکرایکرد کە لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکەی، ئێما ستۆن، کار لەسەر پڕۆژەیەکی سینەمایی نوێ دەکەن کە چیرۆکی کەسایەتیی بەناوبانگی بووکەڵەیی “میس پیگی” دەگێڕێتەوە.
لۆرانس لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی “Las Culturistas” رایگەیاند: “نازانم رێگەم پێدراوە ئەمە بڵێم یان نا، بەڵام دەیلێم… من و ئێما ستۆن کار لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمێک دەکەین لەبارەی میس پیگی، و نووسەر کۆڵ ئیسکۆلا کاری نووسینی سیناریۆکەی گرتووەتە ئەستۆ”.
لۆرانس ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەگەری هەیە هەردووکیان پێکەوە لە فیلمەکەدا رۆڵ ببینن و بە پێکەنینەوە گوتی: “زۆر سەیرە کە سەرەڕای هاوڕێیەتییەکی دوور و درێژمان، تاوەکو ئێستا پێکەوە کارمان نەکردووە”.
میس پیگی یەکێکە لە کەسایەتییە ئایکۆنییەکانی بەرنامەی “The Muppet Show” کە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٦ دەرکەوت و بە کەسایەتییە بوێرەکەی و جلوبەرگە سەرنجڕاکێشەکانی ناسراوە.

