zagros news agency

د. سالار عوسمان پیرۆزبایی وەرگرتنی خەڵاتی پوشکین لە د. ڕەشاد میران دەکات

رۆژی دووشەممە، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بە یاوەری شاندێک، بە مەبەستی پیرۆزبایی و ڕێزلێنان سەردانی پڕۆفیسۆر د. ڕەشاد میران ـی کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی پوشکین لە ڕووسیا.

لە ڕێوەڕەسمێکدا چەپکە گوڵ و ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک پێشکەشی پڕۆفیسۆر د. ڕەشاد میران کرا و لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی د. سالار عوسمان ئاماژەی بە گرنگیی خەڵاتەکە کرد و گوتی: ئێمە لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێز پ.د. ڕەشاد میران دەکەین و، وەرگرتنی ئەم خەڵاتە بەدەستکەوتێکی مەزن دادەنێین بۆ ئەدەبیاتی کوردی و بواری توێژینەوەی کۆمەڵناسی و ئیتنۆگرافیا.

لە درێژەی قسەکانیدا دکتۆر سالار گوتی: ئەو پەیوەندییە دێرینەی نێوان وڵاتی ڕوسیا و بزاڤی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان بۆ سەردەمی داستانی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس و چوونی ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد و کوردستان مستەفا بارزانی بۆ وڵاتی ڕووسیا دەگەڕێتەوە.

میدالیای پوشکین لەساڵی 1881 وەک ڕێزلێنان لە ئەلێکسەندر سێرگیچ پوشکین، شاعیرو نووسەری گەورەی ڕووس، لە لایەن ئەکادیمییەی ڕووسیاوە داهێنراوە و ساڵانە دەبەخشرێتە نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند و زانایانی بواری ئیتنۆگرافیا.

لەوەتەی کۆشکی کرێملین لەساڵی 1991وە بریاری بەخشینی ئەو خەڵاتەی بە ئەدیب نووسەران و زانایانی دەرەوەی وڵاتی ڕووسیا داوە، پ.د. ڕەشاد میران، یەکەمین نووسەر و زانای بواری کۆمەڵناسی کوردناسییە ئەم خەڵاتەی وەرگرتبێ و خاوەنی زیاتر لە 30 کتێب و توێژینەوەی زانستی بوارەکانی کۆمەڵناسی و ئیتنۆگرافیا و کوردناسی و وەرگێڕانە، هەروا سەرپەرشتی چەندین نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرای کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی “Ghostbusters: Frozen Empire” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

ماکۆڵی کەڵکین مەرجی هەیە بۆ گەڕانەوەی بۆ “Home Alone”

ART

کتێبی “سەختییەکانی منداڵیم” بڵاوکرایەوە

ART