بەگوێرەی میدیا ئەمریکییەکان، ساندرا بولوک، ئەستێرەی جیهانی سینەما، دوای مردنی برایان رانداڵ-ی هاوبەشی ژیانی لە ساڵی 2023، بڕیاریداوە لە ژیانی گشتی دووربکەوێتەوە و گۆشەگیری هەڵبژێرێت.
ماڵپەڕی (RadarOnline) لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لەو ئەستێرەیەوە بڵاویکردووەتەوە، بولوک ئێستا زۆر پارێزگاری لە ژیانی تایبەتی خۆی دەکات و تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، لە ماڵ دەرناچێت. سەرچاوەکە دەڵێت: “ساندرا زۆربەی کاتەکان بە تەنیا بەسەردەبات”.
هاوڕێ و نزیکەکانی ساندرا نیگەرانی کاریگەریی خەم و پەژارەن لەسەر ژیانی رۆژانەی، سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژەی بەوە کردووە: “هەمووان دەترسن لەوەی ساندرا دەرگاکانی بە رووی جیهانی دەرەوەدا داخستبێت، هێشتا خەمێکی قووڵ باڵی بەسەر ژیانیدا کێشاوە”.
ئەو ئەستێرە ئەمرییکییە بەشێوەیەکی پلەبەندی لە کارە هونەرییەکانی هۆڵیوودیش دوورکەوتووەتەوە. هەرچەندە بە فەرمی وازهێنانی رانەگەیاندووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان “هەست دەکرێت ئامادە نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ژێر رووناکیی کامێراکان”.
ساندرا بولوک، برایان رانداڵ-ی بە “خۆشەویستی ژیانی” وەسف دەکرد، وا دەردەکەوێت لەدەستدانی ئەو کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی پیشەیی و تایبەتیی هەبووە.

