بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە، لە رێوڕەسمێکدا لە گۆڕستانى كەسنەزان لە شارى هەولێر، تەرمى هونەرمەندی دیارى کوردستان خەلیل موراد وەندی بەخاکسپێردرا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر و ژمارەیەک لە هونەرمەندان و نووسەران و هاوڕێیان و دۆست و کەس و کار و خانەوادەکەى ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.
خەلیل موراد وەندی لە ساڵی 1947 لە گوندی سید برزوی قەزای خانەقین لە دایكبووە، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی لە شاری خانەقین و بەغدا تەواوكردووە، ساڵی 1973 بەشی زمانی كوردی لە كۆلێژی ئاداب لە بەغدا تەواوكردووە .
یەکەم گۆڕانی لە 1970 لەبەغدا تۆمار کرد بەناوی (خۆشەویستەکەم)، تا ساڵی 1980 نزیکەی 65 گۆرانی تۆمارکردووە و یەکێک بوو لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان و لە ماوەی ژیانیی هونەرییدا خزمەتێکی زۆری پێشکەش بە موزیک و گۆرانی کوردی کردووە و.
لە 1980 بۆتە مامۆستا لە هەولێر و دواجار بووەتە مامۆستا لە زانكۆی سۆران تا ساڵی 2017 خانەنشین كراوە .
ئێوارەی 2025.11.26 دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

