جێنیفەر لۆپێز، ئەستێرەی جیهانی تەمەن ٥٦ ساڵ، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی “The Envelope”ی ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمز، پەردەی لەسەر خواستی خۆی بۆ داهاتوو لادا و جەختی کردەوە کە سەرکەوتنەکانی ڕابردووی لە موزیک و سینەمادا کۆتایی وێستگەکانی ئەو نین.
لۆپێز بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، هێشتا خەون و خولیای گەورەی هەیە بۆ ئەوەی وەک دەرهێنەرێکی سینەما کار بکات و کتێبی زیاتر بنووسێت. ئەو وتی: “زۆر کەس هەوڵیان داوە سنوورم بۆ دابنێن و پێم بڵێن تەنها دەتوانیت ئەم کارە یان ئەو کارە بکەیت، بەڵام من گوێ بەو دەنگانە نادەم. کەس مافی ئەوەی نییە پێم بڵێت ناتوانیت”.
لۆپێز کە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٨ ئەزموونی دەرهێنانی لە کلیپی “Limitless” تاقیکردەوە (کە کچەکەشی تێیدا بەشدار بوو)، ئەو ئەزموونەی بە پڕ لە هێز و کاریگەری وەسف کرد. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ژیانی ناوبانگ لایەنێکی تاریکیشی هەیە و زۆرجار هەستی کردووە خەڵک بە هەڵە تێیگەیشتوون، بەڵام پاڵپشتی خێزانەکەی فێری متمانەبەخۆبوونی کردووە.
ئێستا لۆپێز سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ زنجیرە کۆنسێرتەکانی لە لاس ڤێگاس، کە بە وتەی خۆی ئامانج لێیان تەنها “بەخشینی شادی و چێژوەرگرتنە لە ژیان”.

