تیمێکی یاسایی نزیک لە میل گیبسن، ئەستێرەی ناسراوی هۆڵیوود و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، رایگەیاند کە ئەو ئەکتەرە و رۆزالیند رۆسی هاوژینی، دوای نۆ ساڵ لە پەیوەندییەکەیان، بڕیاری جیابوونەوەیان داوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هاوبەش کە بۆ گۆڤاری (People) نێردراوە، گیبسن (69 ساڵ) و رۆس (35 ساڵ) ماوەی ساڵێکە لە یەکدی جیابوونەتەوە، بەڵام نەیانویستووە تاوەکو ئێستا ئەو هەواڵە بە فەرمی بڵاوبکەنەوە.
ئەو دوو هاوژینە کە لە ساڵی 2014ـەوە پەیوەندییان پێکەوە هەیە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەردەوام دەبن لە پەروەردەکردنی “لارس”ی کوڕە هەشت ساڵانەکەیان بە هاوبەشی. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “هەرچەندە جێگەی داخییە کە ئەم بەشەی ژیانمان کۆتایی دێت، بەڵام ئێمە خۆشحاڵین بە هەبوونی کوڕێکی جوان و وەک باشترین دایک و باوک بۆی دەمێنینەوە”
میل گیبسن، کە بە فیلمەکانی (Braveheart) و (Mad Max) ناوبانگی جیهانیی هەیە، پێشتر حەوت منداڵی لە رۆبین مۆری هاوژینی یەکەمی هەبووە، هەروەها کچێکی تەمەن 16 ساڵانیشی لە ئۆکسانا گریگۆریێڤای گۆرانیبێژ هەیە.

