فیلمی “Avatar: Fire and Ash” بەردەوامە لە تۆمارکردنی سەرکەوتنی گەورە، بەو پێیەی داهاتەکەی لە بۆکس ئۆفیسی جیهانیدا گەیشتە زیاتر لە یەک ملیار و ١٠٦ ملیۆن دۆلار.
فیلمەکە کە بەرهەمی کۆمپانیای “20th Century”یە و لە دەرهێنانی جەیمس کامیرۆنە، لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە نمایش دەکرێت. ماوەی فیلمەکە ٣ کاتژمێر و ١٧ خولەکە و توانیویەتی بینەرێکی زۆر لە سەرانسەری جیهاندا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
چیرۆکی ئەم بەشەی ئاڤاتار باس لە خێزانی جەیک و نەیتیری دەکات کە ڕووبەڕووی خەم و پەژارە دەبنەوە و لەگەڵ هۆزێکی نوێی گەلی “ناڤی” بە ناوی “گەلی خۆڵەمێش” ئاشنا دەبن کە فارانگی ئاگرین سەرکردایەتییان دەکات.
فیلمەکە ململانێیەکی ئەخلاقی و سەربازی نوێ لەسەر مانگی “پاندۆرا” نیشان دەدات. لەم بەشەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەناوبانگ وەک سام وۆرسینگتۆن، زۆی سالدانا، کەیت وینسلێت و سیگۆرنی ویڤەر بەشدارن.
ئەم داهاتە زەبەلاحە جارێکی دیکە هێزی زنجیرە فیلمەکانی ئاڤاتار لە جیهانی سینەمادا دەسەلمێنێتەوە.

