سەرەڕای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە ١٥ ویلایەتی ئەمریکا بەهۆی زریانە زستانییە توندەکانەوە، فیلمی “Mercy” توانی لە یەکەم هەفتەی نمایشیدا ١٢.٦ ملیۆن دۆلار داهات کۆبکاتەوە.
زریانەکە بووە هۆی داخرانی دەیان تەلاری سینەمایی لە ویلایەتەکانی وەک ئۆکلاهۆما و ناوچەکانی ڕۆژئاوای ناوەڕاست. بەپێی ڕاپۆرتەکان، تەنها لە ڕۆژی هەینیدا فیلمەکە ٥ ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە.
ویلایەتەکانی وەک مۆسۆری، نیویۆرک، تێکساس و ڤێرجینیا لەژێر کاریگەری توندی کەشوهەوادان و حاڵەتی کارەسات لە چەندین ناوچە ڕاگەیەندراوە. تەنانەت فێستیڤاڵی سینەمایی “ساندانس” لە ویلایەتی یوتاش بێبەش نەبووە لە بەفربارین.
ئەم دۆخە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئامادەبوونی بینەران لە سینەماکان هەبووە، بەڵام بەرپرسانی کۆمپانیای (Amazon MGM Studios) گەشبینن بەوەی فیلمی “Mercy” لە هەفتەکانی داهاتوودا ئاستێکی باشتر تۆمار بکات.

