دەرهێنەری ئەفسانەیی ئەمریکی، ستیڤن سپێڵبێرگ لە تەمەنی 79 ساڵیدا توانی دەستکەوتێکی دەگمەن لە مێژووی هونەردا بەدەستبهێنێت، ئەویش نازناوی EGOTـە. ئەم نازناوە تەنیا بۆ ئەو هونەرمەندانەیە کە دەتوانن چوار خەڵاتە گەورەکەی ئەمریکا (ئیمی، گرامى، ئۆسکار و تۆنی) ببنەوە.
سپێڵبێرگ بە بردنەوەی یەکەمین خەڵاتی “گرامى” لە ژیانیدا بۆ فیلمی دۆکیۆمێنتاری “Music of John Williams”، ناوەکەی چووە ناو لیستی ئەو 22 کەسە دەگمەنەی کە ئەم نازناوەیان هەیە. ئەم فیلمە باس لە ژیان و کارە هونەرییەکانی ئاوازدانەر جۆن ویلیامز دەکات کە بۆ ماوەی نیو سەدە هاوکاری نزیکی سپێڵبێرگ بووە.
سپێڵبێرگ پێشتر خاوەنی دوو خەڵاتی ئۆسکار بوو بۆ فیلمەکانی “Schindler’s List” و “Saving Private Ryan”، هەروەها چەندین خەڵاتی “ئیمی” بۆ بەرهەمە تەلەفزیۆنییەکانی وەک “Brothers” و “The Pacific” بردبووەوە و لە 2022 خەڵاتی “تۆنی” بۆ شانۆ بەدەستهێنا.
سپێڵبێرگ لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی ئەندامانی گرامى کرد و گوتی، ئەم خەڵاتە بۆ ئەو و مانایەکی گەورەی هەیە، چونکە ڕێزلێنانە لەو میراتە دەوڵەمەندەی کە جۆن ویلیامز لە موزیکی سینەمادا جێی هێشتووە. ئەم سەرکەوتنە نوێیە دووپاتی دەکاتەوە کە سپێڵبێرگ نەک هەر دەرهێنەرێکی گەورەیە، بەڵکو یەکێکە لە کاریگەرترین کەسایەتییە هونەرییەکانی سەدەی بیست و بیست و یەک.

