ئەکتەری ئەمریکی کریستن ستیوارت، بە فەرمی چوونە نێو جیهانی وەبەرهێنانی سینەمایی ڕاگەیاند، ئەویش دوای کڕینەوەی شانۆی مێژوویی “Highland Theatre” لە شاری لۆس ئەنجلۆس کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1925 دەگەڕێتەوە.
ستیوارت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری “Architectural Digest” ئاشکرای کرد، بەردەوام خولیای دۆزینەوەی نهێنییەکانی سینەما کۆنەکان بووە و بە بینینی ئەم شوێنە خێرا بڕیاری کڕینی داوە. ئەم سینەمایە کە لە ساڵی 2024 داخرابوو، پێشتر لە کارە هونەرییەکانی وەک “Marvel Wonder Man” دەرکەوتووە.
ستیوارت جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی ئەو تەنیا دروستکردنی یانەیەکی داخراو نییە بۆ سینەماکاران، بەڵکو دەیەوێت بێتە شوێنێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی خەڵک تێیدا پێکەوە خەون ببینن و چێژ لە هونەر وەربگرن. ئەم هەنگاوەی ستیوارت وەک پەرچەکردارێکە دژی “هەژموونی بازرگانی” بەسەر سینەمای مۆدێرندا.
پڕۆژەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیەکی گشتگیر هەیە و ستیوارت بەڵێنی داوە پارێزگاری لە ڕەسەنایەتییە تەلارسازییەکەی بکات.
ئەم وەبەرهێنانە گرنگییەکی زۆری بۆ گەڕەکی “Highland Park” هەیە، چونکە لە ئێستادا هیچ هۆڵێکی سینەمای لێ نییە و ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هەناسەیەکی نوێ بۆ ناوچەکە.

