ناوەندی هونەری و درامای تورکیا، هەواڵی کۆچی دوایی ئەکتەر کانبۆلات گۆرکێم ئەرسلانی لە تەمەنی 45 ساڵیدا ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، ئەرسلان لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی بێئۆغڵو لە ئیستەنبوڵ تووشی جەڵتەی دڵ بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، هەوڵە پزیشکییەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی سەرکەوتوو نەبوون و ماڵئاوایی لە ژیان کرد. ئەم هەواڵە شۆکێکی گەورە بوو بۆ هاو پیشەکانی و هەوادارانی، چونکە ئەو ئەکتەرە لە لوتکەی چالاکییە هونەرییەکانیدا بوو.
کانبۆلات یەکێک بوو لە دەموچاوە دیارەکانی درامای تورکی و بەشداری لە چەندین زنجیرەی سەرکەوتوودا کردبوو، وەک “Poyraz Karayel” و“Ezel” و “Yer Gök Aşk”. یەکێک لە دیارترین ڕۆڵەکانی، بەرجەستەکردنی کەسایەتی مێژوویی “ماهر چایان” بوو لە زنجیرەی“Hatırla Sevgili” لە ساڵی 2006، تێیدا توانی بە شێوەیەکی ناوازە ڕۆڵەکە بگێڕێت و جێدەستی خۆی لە یادەوەری بینەراندا دیاری بکات.
ئەرسلان دەرچووی بەشی شانۆی زانکۆی “حەجە تەپە” بوو و لە ساڵی 2004ـەوە دەستی بە کاروانی هونەری کردبوو. دواین دەرکەوتنیشی لە زنجیرەی “Kudüs Fatihi Selahaddin Eyyubi” بوو.
کۆچی دوایی ئەم ئەکتەرە بە خەسارەتێکی گەورە بۆ هونەری تورکیا دادەنرێت، بەتایبەت کە ئەو بە ئەکتەرێکی بە توانا و خاوەن بەرپرسیارێتی هونەری ناسرابوو.

