ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی یەکێک لە درەوشاوەترین ئەستێرەکانی شیعر و ئەدەبیاتی کوردی راگەیێندرا. ڕەفیق سابیر، شاعیری ناسراوی کورد، دوای تەمەنێک لە داهێنان و خزمەت، لە تەمەنی 76 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید ماڵئاوایی یەکجاری کرد.
ڕەفیق سابیر، کە بە یەکێک لە پێشەنگەکانی نوێخوازی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا دادەنرێت و زۆرجار بەهۆی شێوازە تایبەتەکەیەوە بە “عەبدوڵڵا گۆران”ی سەردەم دەچوێنرێت، جێدەستێکی دیاری لە مێژووی ئەدەبدا جێهێشت. ئەو خاوەنی دەقە نەممرەکەی (لاوکی هەڵەبجە)یە کە بەشە هەرە ناودارەکەی، “بە تەنیا جێم مەهێڵن”، بووەتە وێردی سەر زمانی نەوە جیاوازەکان و سیمبولی ئازارەکانی نەتەوەیەک.
ڕەفیق سابیر لە 1950 لە شاری قەڵادزێ لەدایکبووە. ژیانی ئەو تەنیا لە چوارچێوەی وشە و کتێبدا قەتیس نەمابووەوە، بەڵکو وەک پێشمەرگە و تێکۆشەرێکی دێرین لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا خەباتی کردووە. هەروەها لە کاروانی سیاسی خۆیدا وەک پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان خزمەتی کردووە، بەمەش توانیبووی وەک کەسایەتییەکی فرە ڕەهەند لە بوارەکانی ئەدەب، سیاسەت و خەباتدا جێگەی خۆی بکاتەوە.
لە ماوەی پتر لە نیو سەدە تەمەنی داهێناندا، ڕەفیق سابیر کتێبخانەی کوردی بە دەیان بەرهەمی ناوازە دەوڵەمەند کرد. یەکەم دیوانی شیعری بە ناوی “پشکۆکان دەگەشێنەوە” لە ساڵی 1976 بڵاوکردەوە، دواتریش زنجیرەیەک بەرهەمی تری بڵاوکردووەتەوە.
جگە لە شیعر، لە بواری لێکۆڵینەوە و هزریشدا خاوەنی چەندین کتێبی گرنگە، لەوانە: “کولتوور و ناسیۆنالیزم”، “ئیمپراتۆریای لم” و نوێترین بەرهەمی کە لە ساڵی 2023 بە ناوی “لە ستاییشی ژیاندا” بڵاوکرایەوە.

