هونەرمەند ئیسماعیل بەرزنجی، لە تەمەنی 87 ساڵیدا لە شاری هەولێر ماڵئاوایی لە ژیان کرد. وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵە و تەواوی هونەرمەندانی کوردستان کرد.
لە پرسەنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆچی ئەم هونەرمەندە کەلێنێکی گەورە لە جەستەی هونەری کوردیدا دروست دەکات.
ئیسماعیل شێخ عەلی، کە لە ناوەندە هونەرییەکاندا بە “شێخ ئیسماعیل بەرزنجی” ناسراوە، لە 1939 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و کاروانی هونەریی خۆی لە کۆتایی دەیەی شەستەکاندا دەستپێکردووە.
بەرزنجی لەو سەردەمەدا کە شانۆ و نواندن لە کوردستاندا قۆناغی سەرەتایی و سەختیان دەبڕی، توانی بە نواندنە پڕ لە هەست و کاریگەرەکانی، جێدەستی خۆی لە چەندین شانۆگەری و بەرهەمی هونەریدا دیاری بکات.
وەزارەتی ڕۆشنبیری جەختی کردەوە کە خزمەتە بەردەوامەکانی ئەم هونەرمەندە مەزنە بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێننەوە و مێژووی شانۆی کوردی وەک یەکێک لە بونیادنەرە سەرەکییەکان یادی دەکاتەوە.

