zagros news agency

“One Battle After Another” دەبێتە پادشای ئۆسکاری 98 و مێژوو تۆمار دەکرێت

لە شەوێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا لە هۆڵی “دۆڵبی تیەتەر”، 98ـەمین خولی خەڵاتەکانی ئەکادیمیای زانست و هونەرەکانی سینەما (ئۆسکار) بەڕێوەچوو. فیلمی دراماییOne Battle After Another  توانی ببێتە براوە

فیلمی One Battle After Another بووە ئەستێرەی بێ رکابەری شەوەکە و توانی 6 خەڵاتی ئۆسکار بچنێتەوە، لە سەروو هەموویانەوە خەڵاتی باشترین فیلم.

دەرهێنەر پۆڵ تۆماس ئەندەرسۆن شەوێکی مێژوویی بەڕێکرد، چونکە نەک تەنیا خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بردەوە، بەڵکو یەکەمین خەڵاتی ئۆسکاری خۆشی بۆ باشترین سیناریۆی وەرگیراو بەدەستهێنا.

هەر لە چوارچێوەی ئەم فیلمەدا، شۆن پێن (کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە نەبوو) خەڵاتی باشترین ئەکتەری پاڵپشتی بردەوە و ڕیکۆردێکی نوێی تۆمارکرد. هەروەها فیلمەکە خەڵاتی باشترین مۆنتاژی بۆ ئاندی جورگەنسن و خەڵاتی باشترین کاستینگی بۆ کاساندرا کولوکوندیس مسۆگەر کرد.

سەرکەوتنەکانی فیلمی Sinners و مێژوویەکی نوێ لە وێنەگرتندا
فیلمی Sinners بە چوار خەڵاتەوە لە ڕیزبەندی دووەم هات. مایکل بی جۆردن خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا. ڕیان کوگلەر خەڵاتی باشترین سیناریۆی ڕەسەنی بردەوە.

یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی شەوەکە بردنەوەی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بوو لەلایەن ئۆتەم دوراڵد ئارکاپاو، کە بووە یەکەم ژن لە مێژوودا ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت.

هەروەها لودویگ گۆرانسۆن خەڵاتی باشترین موزیکی ڕەسەنی بۆ هەمان فیلم بردەوە. بردنەوەکانی ئەم دوو فیلمە وایکرد کۆمپانیای (Warner Bros) شەوێکی مێژوویی و پڕ لە ڕیکۆرد بەڕێ بکات.

 

ئەکتەرە براوەکانی دیکە
لە بەشی باشترین خانمە ئەکتەر، جێسی بەکڵی بۆ ڕۆڵی لە فیلمیHamnet خەڵاتەکەی بردەوە. هەروەها ئیمی مادیگان خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری پاڵپشتی بۆ فیلمی Weapons وەرگرت.

 

کەی-پۆپ (K-Pop) دەگاتە ئۆسکار
فیلمی ئەنیمەیشنی KPop Demon Hunters خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشنی بردەوە. گۆرانی “Golden” لە هەمان فیلم بووە یەکەم گۆرانی کەی-پۆپ لە مێژوودا کە خەڵاتی ئۆسکاری باشترین گۆرانی ڕەسەن بەدەستبهێنێت.

دەستکەوتەکانی Frankenstein و بەشەکانی دیکە
فیلمی Frankenstein سێ خەڵاتی لە بەشە هونەرییەکاندا بردەوە: (باشترین دیزاینی جلوبەرگ، باشترین مکیاژ و قژ، و باشترین دیزاینی بەرهەمهێنان). لە بەشی فیلمی نێودەوڵەتیدا، فیلمی نەرویجی Sentimental Value خەڵاتەکەی بردەوە، و فیلمی Mr. Nobody Against Putin بووە باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری.

کەشوهەوای رێوڕسمەکە و یادکردنەوەی کۆچکردووان
کۆنان ئۆبراین بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک پێشکەشکاری رێوڕەسمەکە بوو. یەکێک لە ساتە سەرنجڕاکێشەکان کۆبوونەوەی ئەکتەرانی فیلمیBridesmaids بوو (ڕۆز بێرن، کریستن ویگ، مایا ڕودۆڵف و مێڵیسا مەککارتی)، هەروەها کۆبوونەوەی دووبارەی ئەستێرەکانی مارڤڵ (ڕۆبێرت داونی جونێەر و کریس ئیڤانز).

لە بەشێکی خەمگیندا، ئۆسکار یادی ئەو ئەستێرە گەورانەی کردەوە کە لەم ساڵەدا کۆچی دواییان کردووە، لەوانە: ڕۆب ڕاینەر، ڕۆبێرت ڕێدفۆرد، دایان کیتۆن و کاترین ئۆهارا.

هەواڵی پەیوەندیدار

هەزار ئیسرائیلی گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان

یاسین

ئومێد خۆشناو: كەسێك بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەستگیر كراوە

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له‌ سه‌رۆكى ده‌زگاى مه‌عاريفى توركى كرد

یاسین