zagros news agency

وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیا: تورکیا کۆنترۆڵی %65ـی بازاڕی درۆنەکانی کردووە

 

وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا، رایگەیاند، تورکیا لە ئێستا بووەتە یەکێک لە پێشەنگترین و ئەزمووندارترین وڵاتانی جیهان لە بواری تەکنەلۆژیای سیستەمە درۆنییەکان.

محەممەد فاتیح کاجر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی نزیکەی %65ـی بازاڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەربازییەکانی جیهانی بەدەستەوەیە و بەشێکی زۆری ئەم سەرکەوتنەش بۆ بەرهەمەکانی کۆمپانیای “بایکار” دەگەڕێتەوە.

وەزیرەکەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، پیشەسازییە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی لە گەشەسەندنی خێرادان و هەموو چەند هەفتەیەک بەرهەمێکی نوێ و داهێنەرانە دەخەنە بازاڕەوە، جەختیشی کردەوە، ئەنقەرە لە قۆناخی داهاتوودا ئامانجیەتی تواناکانی لە بوارەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک و سیستەمەکانی رادار زیاتر پێشبخات و ئاستی بەرهەمهێنانیان بەرز بکاتەوە.

سەبارەت بە توانای مووشەکی، محەممەد فاتیح رایگەیاند، تورکیا نزیکەی دوو دەیەیە کار لەسەر بەرنامەی مووشەکی نیشتمانی دەکات و ئێستا بەروبوومی ئەو هەوڵانە دەچنێتەوە، باسی لەوەشکرد، پڕۆژەیەکی پێشکەوتوویان هەیە بۆ پەرەپێدانی موشەکێک بە مەودای 2000 کیلۆمەتر کە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.

لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیرەکە جەختی لە سیاسەتی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی، “تورکیا ئاشتیخوازە، بەڵام بۆ پاراستنی ئەو ئاشتییە پێویستە خاوەن هێزێکی بەرگریی بەهێز بین.”

هەواڵی پەیوەندیدار

ناوى به‌شێك له‌ شه‌هیدانى پێشمه‌رگه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ده‌زگاى شه‌هیدانى به‌غدا

سەڵاح

چۆن ئەمریکا دەتوانێت مینەکان لە گەرووی هورمز پاک بکاتەوە

سەڵاح

هەولێر.. ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی بارانبارین و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی لافاو دەستیان پێکرد

سەڵاح