ناوەندی هونەری لە کۆریای باشوور دوێنێ ڕووبەڕووی هەواڵێکی کتوپڕ و دڵتەزێن بووەوە، ئەویش ڕاگەیاندنی هەواڵی کۆچی دوایی ئەکتەری ناسراو لی سانگ بۆ بوو؛ لە تەمەنی 45 ساڵیدا.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، تەرمی ئەم ئەکتەرە لە ناو ماڵەکەی خۆیدا لە شاری بیۆنگتایک دۆزراوەتەوە، ئەمەش تەنیا ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی کە گەڕابووەوە ناو چالاکییە هونەرییەکانی.
کۆمپانیای (KMG) کە بەڕێوەبەری کارەکانیەتی، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و داوای لە میدیاکان کرد ڕێز لە تایبەتمەندی خێزانەکەی بگرن و هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی ئاشکرا نەکرد. هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ نیشانەیەکی تاوانکاری لە شوێنی ڕووداوەکەدا نەبینراوە.
لی سانگ بۆ، کە لە ساڵی 2006ـەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، بە یەکێک لە دەموچاوە دیارەکانی درامای کۆری دادەنرا و بەشداری لە چەندین کاری سەرکەوتوودا کردووە وەک “Miss Monte-Cristo”.
ژیانی تایبەتی ئەم ئەکتەرە بێ کێشە نەبووە؛ ئەو پێشتر بەهۆی لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکەیەوە تووشی کێشەی دەروونی ببوو و چارەسەری وەردەگرت، هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا لە تۆمەتێکی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەر بێبەری کرا، کە کاریگەری زۆری لەسەر ناوبانگی هەبوو پێش ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە سەر شاشەکان.

