ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی، سیلینا گۆمێز، بۆ یەکەمجار لە کاروانی هونەری خۆیدا ئەزموونی دەرهێنان لە ڕێگەی زنجیرەی (Wizards Beyond Waverly Place) تاقی دەکاتەوە.
گۆمێز لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام، ئەندامبوونی لە سەندیکای دەرهێنەرانی ئەمریکا ڕاگەیاند و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە نوێیە دەربڕی.
بڕیار وایە سیلینا ئەرکی دەرهێنانی ئەڵقەی یەکەمی وەرزی سێیەم و کۆتایی ئەم زنجیرەیە بگرێتە ئەستۆ. ئەم ئەستێرەیە کە پێشتر بە ڕۆڵی “ئەلێکس ڕۆسۆ” لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ ٢٠١٢ ناوبانگی دەرکردبوو، ئێستا شانبەشانی دەیڤید هێنری بۆ جیهانی جادووگەری دەگەڕێتەوە.
گۆمێز ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی بەشداریکردنی لە قۆناغی کۆتایی ئەم بەرهەمەدا، هەست بە سوپاسگوزارییەکی زۆر دەکات.
ئەم ئەزموونە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە ژیانی پیشەیی ئەو هونەرمەندە دادەنرێت، چونکە بەردەوام هەوڵی پەرەپێدانی تواناکانی لە پشت کامێراش دەدات. ئەم وەرزی کۆتایییە تەنیا وەک بەشێکی درامی نابینرێت، بەڵکو گوزارشت لە پێگەیشتنی هونەریی سیلینا گۆمێز دەکات.

