بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاری لەژێر ناونیشانی “نـــــا“ لە گالێری میدیا لە هەولێر بکرێتەوە.
پێشانگەکە تەنیا کۆبوونەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو کۆکردنەوەی چەندین نەوەی جیاواز و قوتابخانە جۆربەجۆرەکانی هونەری شێوەکاریی کوردییە لە یەک گالێریدا.
حەمە هاشم و وەهبی ڕەسوڵکە وەک دوو کۆڵەکەی گرنگی شێوەکاریی مۆدێرنی کوردی دەناسرێن و خاوەن ستایل و مێژوویەکی دەوڵەمەندن. ڕێبوار سەعید و ئازاد کەریم کە بە کارە تەجریدی و گوزارشت ئامێزەکانیان ناسراون و کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر نەوەکانی دوای خۆیان هەبووە.
ئەحمەد نەبەز و نامۆ ڕۆستەمزادە، دوو هونەرمەندی داهێنەر کە بەردەوام بە فۆرم و تەکنیکی نوێوە دەردەکەون و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ناسراون. هەروەها بەشداریی شێوەکارانی وەک ناز عەلی، نەرمین مستەفا، بەشدار نووری، شوکر سەعید، خەیری ئادەم، دژوار عیسا، کۆسار جەلال و هێمن حەمید، ڕەنگاڵەییەکی تەواو دەبەخشێتە پێشانگاکە، چونکە هەر یەک لەم ناوانە نوێنەرایەتی ڕەوتێکی تایبەت و شارێکی جیاوازی کوردستان هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکوک دەکەن.
پێشانگاکە بە شێوازێکی “کاتژمێری” ڕێکخراوە؛ تەنیا بۆ ماوەی یەک ڕۆژ و بۆ ماوەی 4 کاتژمێر (لە کاتژمێر 3ـی پاشنیوەڕۆ تا 7ـی ئێوارە) بەردەوام دەبێت.
ناونیشانی پێشانگەی “نا”، ئاماژەیەکی فەلسەفی و هونەرییە کە تێیدا هونەرمەندان لە ڕێگەی ڕەنگ و فۆرمەوە گوزارشت لە ڕەتکردنەوە، یان بوون، یان هەر تێگەیشتنێکی جیاواز دەکەن بۆ واقیعی ئێستای مرۆڤ و کۆمەڵگە.

