ڕەوشان، هونەرمەندی باکووری کوردستان، گەشتێکی هونەری بەرفراوانی بۆ وەرزی بەهار و هاوین دەست پێ کردووە و بڕیارە ئەمشەو، 22ـی نیسان، لە ناوەندێکی ڕۆشنبیری لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا کۆنسێرتێک ساز بکات.
ئەو هونەرمەندە لە هەژماری فەرمیی خۆی پۆستەرێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا وردەکاری گەشتەکەی خستووەتە ڕوو.
ڕەوشان پێشتر لە 11ـی نیسان لە هامبۆرگی ئەڵمانیا و لە 18ـی نیسان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کۆنسێرتی ئەنجام داوە. پڕۆگرامی داهاتووی ئەم هونەرمەندە شارەکانی ئیزمیر لە 6ـی ئایار، مەڕەش لە 6ـی حوزەیران و ئیستانبوڵ لە 13ـی حوزەیران لەخۆ دەگرێت.
ڕەوشان بەرهەمەکانی وەک “تۆڤ” و “تەزێ” ناوبانگێکی زۆریان هەیە و لە یوتیوب بینەرێکی زۆریان بۆ خۆیان کۆ کردووەتەوە.
هونەری ڕەوشان تێکەڵەیەکە لە میوزیکی فۆلکلۆر و ئاوازی سەردەمیانە، ئەمەش وای کردووە لە باکووری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان هەوادارێکی زۆری هەبێت.
رەوشان لە 1980 لە دەڤەری تووختەوانی سەر بە بەدلیس لەدایکبووە، جگە لە گۆرانیگوتن، ژەنیارێکی لێهاتووی کەمانە و خاوەنی چەند ئەلبوومێکی گۆرانییە، لەوانە “ئاخ لێ وەسێ”، “تۆڤ” و “هەنار”.

