حەبیب حەلاوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی “سادقوون” ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدات فشار بخاتە سەر عێراق لە ڕێگەی پەکخستنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، ئەوەش بە ڕێگریکردن لە گەیشتنی بارە دۆلارەکان بۆ حکومەتی عێراق.
حەلاوی بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە شێوازی فشاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرامبەر عێراق پەیڕەو دەکات بە ئامانجی ئەوەی حکومەتی عێراق پاشکۆی ئەو بێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت “تێیدا سەرکەوتوو نەبووە.”
زیاتر وتی: ئەمریکییەکان “ئەمڕۆ ئاستی تەحەداکانیان بەرز کردووەتەوە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق، ئەوەش لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە ناردنی بارە دۆلارەکان بۆ حکومەتی عێراق.”
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا “بژێوی خەڵک”ی بەکارهێناوە بۆ فشارخستنە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی لە پرسی هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەتدا، وەک گەورەترین کوتلە کە حکومەت پێکدەهێنێت.
حەلاوی باسی لەوەش کرد کە ئەنجومەنی نوێنەران کار دەکات بۆ دەرکردنی هەندێک یاسا کە “شکۆ و سەروەریی عێراق” بپارێزن، ئاشکراشی کرد کە ڕاوێژکاران سەرقاڵی ئامادەکردنی دەقی یاسایین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی بە “دەستوەردانی دەرەکی” وەسفی کرد.
لەلایەکی تریشەوە، بەرپرسانی ئەمریکی ئەمرۆ چوارشەممە ئاشکرایان کرد کە وڵاتەکەیان ڕێگری کردووە لە گواستنەوەی بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتەکانی نەوتی عێراق بۆ بەغدا، ئەوەشیان گەڕاندووەتەوە بۆ “شکستهێنانی هەوڵەکان لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لایەنگری ئێرانن.”
هەواڵی داهاتوو

