zagros news agency

سەهیم عومەر خەلیفە مێژووی تۆپی پێی عێراق بە زمانێکی سینەمایی و جیهانی پێشکەش دەکات

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ گێڕانەوەی داستانە وەرزشییەکانی و نیشاندانی ڕووە مرۆییەکەی، پشتی بە دیدگا و هونەری دەرهێنەری ناسراوی کورد سەهیم عومەر خەلیفە بەستووە، کە بڕیارە گەورەترین پڕۆژەی سینەمایی و دیکۆمێنتاری لە مێژووی وڵاتدا لە ژێر ناونیشانی “خەونێک.. چارەنووسێک” (حلم واحد.. مصير واحد) بەرهەم بهێنێت.

هەڵبژاردنی سەهیم عومەر خەلیفە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم پڕۆژەیە، وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی میدیای وەرزشی عێراق دەبینرێت. خەلیفە کە پێشتر دوو جار لە کورتە لیستی خەڵاتەکانی ئۆسکار  بۆ باشترین کورتە فیلم کاندیدی بووە، ئەمجارە کامێراکەی دەخاتە خزمەت مێژووی تۆپی پێ، بەڵام بە دیدگایەکی جیاواز؛ ئەو نایەوێت تەنیا یارییەکان تۆمار بکات، بەڵکو دەیەوێت تۆپی پێ وەک “پەنجەرەیەک بۆ نیشاندانی ئیرادەی گەلی عێراق” بەکاربهێنێت.

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، گرێبەستی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان واژۆ کرا. ئەم کارە بە هاوبەشی لە نێوان یەکێتیی تۆپی پێ و کۆمپانیای “ڕۆڵە پرۆدەکشن” بە بەرهەمهێنانی محەمەد غەزبان و سەکۆی “1001” و “کۆمپانیای سینەمای عێراقی” جێبەجێ دەکرێت. لەم گەشتەدا، بەیان سەڵاح وەک بەرهەمهێنەری بەشدار و تاریق تورکی وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن، هاوکاری سەهیم عومەر خەلیفە دەبن.

سەهیم عومەر خەلیفە لەم فیلمەدا چیرۆکی مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێو دەگێڕێتەوە؛ لە یادگارییەکانی مۆندیالی 1986ـی مەکسیک تا دەگاتە خەونی ئێستای عێراقییەکان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026. دەرهێنەر جەخت لەسەر چەمکەکانی تێکۆشان بۆ مانەوە و ئالنگارییە دەروونییەکان دەکاتەوە.

بە بوونی سەهیم عومەر خەلیفە لە لوتکەی ئەم پڕۆژەیەدا، چاوەڕوانییەکان بۆ فیلمەکە تەنیا لە ئاستی ناوخۆدا نەماونەتەوە، بەڵکو ئامانج لێی گەیشتنە بە فێستیڤاڵە جیهانییەکان؛ چونکە خەلیفە بەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی لە سینەمای ئەوروپا و جیهاندا هەیەتی، دەتوانێت ئەو چیرۆکە بە زمانێکی جیهانی بگێڕێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیلۆن ماسک داوای قەرەبووی ١٣٤ ملیار دۆلار دەکات

سەڵاح

نرخى نەوت دابەزینى تۆمار کرد

یاسین

نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین دوای هه‌ڵبژاردن به‌ زووترین كات كابینه‌ی حكوومه‌ت پێكبهێنرێت

سەڵاح