سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان، ئەمڕۆ ئاشکرایان کرد کە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نامەیان لە لایەن ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە تێیدا واشنتۆن نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بە بەشداریکردنی ئەبو ئالا ئەلوەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق.
سەرچاوەکان بە شەفەق نیوزیان ڕاگەیاندووە: “واشنتن سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لە بەشداریکردنی وەلائی لە کۆبوونەوەیەکی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران، ئەوەش تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاداشتێکی دارایی تا ئاستی ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک ڕاگەیاندبوو کە ببێتە هۆی دۆزینەوەی”.
ئاماژەیان بەوەش کردووە کە: “نامەکەی ئەمریکا زۆر توند بووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوامبوونی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پشتگوێخستنی سروشتی پەیوەندی و هاوبەشییەکەی لەگەڵ واشنتۆن، ڕەنگە ئیدارەی ئەمریکا ناچار بکات بە هەڵسەنگاندنەوەی گشتگیر بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەسەر ئاستە جیاوازەکان، بەتایبەتی لە هەردوو لایەنی ئەمنی و ئابووریدا”.
هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە: “لایەنی ئەمریکی ئاماژەی بە ئەگەری مامەڵە نەکردن یان هەڵسوکەوتی ئەرێنی نەکردن لەگەڵ هەر حکومەتێکی نوێی عێراقیدا کردووە، ئەگەر بێت و سەرکردەی گروپە چەکدارەکان بەردەوام بن لە گێڕانی ڕۆڵی سەرەکی لە ناو ئەو هێزانەی کاریگەرییان هەیە لە کێشانی نەخشەی حکومەت یان ئاراستەکردنی بڕیارە سیاسییەکانی”.

