گۆرانیبێژی میللی میسری، ئۆکا، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا هەموو پۆستەکانی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام سڕییەوە.
ئەم کارەی ئۆکا بووەتە جێگەی باسی میدیاکان و هەوادارانی، چونکە تەنیا یەک پۆستی هێشتووەتەوە کە ئەویش گۆرانییە نوێیەکەیەتی بەناوی “Oka Beharyb El Malal” چاودێرانی هونەری لەو بڕوایەدان، ئەم هەنگاوە نیشانەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی هونەری ئۆکا و دەیەوێت بە شێوازێکی جیاوازتر لە جاران دەربکەوێت.
گۆرانی “Oka Beharyb El Malal” لە ڕووی بینین و میوزیکەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی تێدا بەدی دەکرێت و لە شێوازی باوی گۆرانییە میللییەکان دوورکەوتووەتەوە.
کلیپەکە بە شێوازێکی سینەمایی و مۆدێرن وێنەگیراوە کە لە ستایڵی جیهانی نێزیکە. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لە ڕووی میوزیکەوە نییە، بەڵکو لە ڕووی ستایڵی جلوبەرگ و ناسنامەی هونەریی ئەکتەرەکەشەوەیە. پێش ئەم هەنگاوە، ئۆکا ئەلبوومی “Hakuna Matata”ی بڵاوکردبووەوە کە سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا، بەڵام هەر ئێستا وا دەردەکەوێت کە دەیەوێت وێنەیەکی دیکە لە خۆی نیشانی جەماوەر بدات.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، هونەرمەند عومەر کەمالیش ڕایگەیاند، ئەلبوومێکی نوێ بڵاودەکاتەوە کە لە شێوازی فێستیڤاڵەکان دوورە. ئەم ڕەوتە نوێیەی گۆرانیبێژانی فێستیڤاڵ نیشان دەدات کە دەیانەوێت پەرە بە کارەکانیان بدەن و بەردەوام لەگەڵ تامی جیاوازی بینەراندا خۆیان بگونجێنن.
پسپۆڕانی هونەری ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، سڕینەوەی ئەرشیفی کۆن تەنیا جووڵەیەکی ڕیکلامی نییە، بەڵکو پەیامێکی ڕەمزییە بۆ لەدایکبوونەوەی هونەرمەند لە قاڵبێکی نوێدا کە لەبارەی داهاتووی میوزیکی میسرییەوە هیوا دەبەخشێت.

