کاتێک باس لە سینەمای جەنگ و بەتایبەتی جەنگی جیهانی دووەم دەکرێت، ئەستەمە ناوی ئەستێرەی هۆلیوود، تۆم هانکس نەبێت. ئەو ئەکتەرە براوەی خەڵاتی ئۆسکار، تەنیا وەک ئەکتەرێک بەشداری لەم جۆرە فیلمانەدا نەکردووە، بەڵکو بووەتە یەکێک لە دیارترین پارێزەران و زیندووکەرەوەکانی مێژووی ئەو جەنگە لە ڕێگەی شاشەی سینەما و تەلەفزیۆنەوە.
ئەو هونەرمەندە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی بەڵگەفیلمێکە لەبارەی جەنگی جیهانی دووەمەوە.
تۆم هانکس لە ڕێگەی چەندین پڕۆژەی دیارەوە توانیویەتی ناخی سەربازەکان پێشان بدات؛ لەوانە فیلمی Saving Private Ryan لە ساڵی ١٩٩٨، تێیدا ڕۆڵی “کاپتن میلەر”ی گێڕا. دواتر وەک بەرهەمهێنەر لەگەڵ ستیڤن سپێڵبێرگ، زنجیرە دراما مێژووییەکانی وەک Band of Brothers و The Pacific و نوێترین پڕۆژەیان بە ناوی Masters of the Air پێشکەش کرد، کە باسی لە پاڵەوانێتی فڕۆکەوانانی ئەمریکی دەکرد.
هۆکاری ئەم خولیا قووڵە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هانکس پێی وایە جەنگی جیهانی دووەم گرنگترین ڕووداوی مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتییە و ئەو نەوەیەی تێیدا جەنگاوە، جیهانی لە فاشیزم ڕزگار کردووە.
بەهۆی ئەم خزمەتە گەورەیەوە، تۆم هانکس لە ساڵی ٢٠١٦دا بەرزترین خەڵاتی مەدەنی لە ئەمریکا (مەدالیای ئازادی سەرۆکایەتی) پێبەخشرا.

