zagros news agency

سزای ٤١ مانگ زیندانیکردن بەسەر یاریدەدەری تایبەتی ماتیو پێریدا سەپێنرا

دادگایەکی ئەمریکی سزای ٤١ مانگ زیندانیکردنی بەسەر کێنیس ئیواماسا، یاریدەدەری تایبەتی ئەکتەری کۆچکردوو ماتیو پێری، سەپاند، دوای ئەوەی تاوانبارکرا بە تێوەگلان لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی پاڵەوانی زنجیرە درامای بەناوبانگی «Friends» بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی کیتامینەوە.

بڕیارەکە پێبژاردنی دارایی بە بەهای ١٠ هەزار و ١٠٠ دۆلاریشی لەخۆگرتبوو، لەگەڵ خستنەژێر چاودێری دادوەری بۆ ماوەی دوو ساڵ دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سزاکەی. بڕیاریشە تۆمەتبارەکە لە ١٧ی تەممووزی داهاتوودا خۆی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بکات بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی سزاکە.

ئیواماسا پێشتر دانی بە تاوانەکەیدا نابوو کە بەشداربووە لە پیلانگێڕی بۆ دابەشکردنی ماددەی کیتامین بە شێوازێک کە بووەتە هۆی مردن، بەمەش دەبێتە دواکەس لە نێوان پێنج تۆمەتبارەکەدا کە حوکمی دادوەرییان لە دۆسیەکەدا بەسەردا دەسەپێت؛ دۆسیەیەک کە لە دوای کۆچی دوایی ئەستێرە ئەمریکییەکە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بووەتە جێی سەرنجی ڕای گشتی جیهان.

لە کاتی دانیشتنی دادگادا، تیمی بەرگری داوای کەمکردنەوەی سزاکەیان بۆ ٦ مانگ زیندانی و ٦ مانگ دەستبەسەری ماڵەوە کردبوو، بەڵام داواکاری گشتی پێداگری لەسەر سزای ٤١ مانگ زیندانیکردنەکە کردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی “Lilo & Stitch” لە سینەماکاندا

ART

داهاتی “The Fall Guy” لە سینەماکاندا

ART

ردەکاری نوێ لەبارەی دەستپێکردنی “The Princess Diaries 3”

ART