ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە نوێنەرایەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی مار پۆڵس سێیەم نۆنا، پاتریارکی نوێی هەڵبژێردراوی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهانی کرد و پەیامی مەسرور بارزانی پێگەیاند. پاتریارک ڕایگەیاند “سەرۆکی حکومەت بەرهەمی کرداری هەیە و هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆوە بینیوە”.
ئەمڕۆ بەیانی، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و داکۆکیکردن لە پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، چاوپێکەوتنی لەگەڵ غیبتەی پاتریارک (مار پۆڵس سێیەم نۆنا) ئەنجامدا. لە دیدارەکەدا، سڵاو و پیرۆزبایی تایبەتی سەرۆکوەزیران بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی نوێی کەنیسەی کلدانی ئاراستە کرا.
پێکەوەژیان لە گوتارەوە بۆ کردار
لە کۆبوونەوەکەدا، ئانۆ جەوهەر جەختی لەسەر ڕێبازی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە پشتگیریکردنی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی. ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەم فرەیی و تەباییە لە واقیعی کوردستاندا بە کردار ڕەنگی داوەتەوە و تەنیا دروشم نییە”. هەروەها تیشک خرایە سەر پڕۆژە گەشەپێدانییەکانی کابینەی نۆیەم کە ئامانجیان خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکانە بەبێ جیاوازی.
پاتریارک: پڕۆژەی ‘ڕووناکی’ جێگەی دڵخۆشییە
لای خۆیەوە، جەنابی پاتریارک مار پۆڵس سێیەم نۆنا، ستایشی کارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی: “بەپێی بەدواداچوونەکانم، مەسرور بارزانی کەسێکی بەکردارە و باوەڕی بە کار هەیە زیاتر لە گوتار. هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی ئەو گۆڕانکاریی گەورەی لە ژێرخان و ڕێگاوبانەکاندا بینیوە”.
پاتریارکی نوێی کلدان بەتایبەت ئاماژەی بە پڕۆژەی کارەبای بەردەوام (ڕووناکی) کرد و وتی: “ئەم پڕۆژەیە جێگەی دڵخۆشییە؛ ئێمە پێویستمان بەو سەرکردانەیە کە بونیات دەنێن نەک تەنیا قسان بکەن. سەرکەوتن بۆ ئەو بەرپرسانەیە کە بەرهەمی کردارییان هەیە و ئێمە پشتگیرییان دەکەین”.
هەروەها پاتریارک سڵاو و ڕێزی تایبەتی خۆی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نارد و ئامادەیی خۆی بۆ سەردانێکی نزیک بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
دیارییەکی ڕەسەن لە چیاکانی کوردستانەوە
لە کۆتایی دیدارەکەدا، شاندی حکومەت دوو دیاریی هێماینیان پێشکەش بە پاتریارک کرد. دیارییەکان لە داری بەڕوو و بەردی ڕەسەنی چیاکانی کوردستان دروستکرابوون و چەندین هێمای ئایینی مەسیحییان لەسەر نەخشێنرابوو، وەک گوزارشتێک بۆ خۆڕاگری و ڕەسەنایەتیی خاکی کوردستان.
لە دیدارەکەدا هەریەک لە مەترانەکان (مار بەشار وەردە، مار میخائیل مەقدەسی، مار فیلێکس شابی، مار باسلیۆس یلدو) و قەشە کەرەم و قەشە دێڤد ئامادە بوون.

