دادگەیەکی ئەمریکا بڕیارێکی گرنگی دەرکرد، بەپێی بڕیارەکە جەستن بالدۆنی ئەکتەر و دەرهێنەر پابەند دەکرێت بە گرتنەئەستۆی سەرجەم تێچووە یاساییەکانی بلێک لایڤلی، ئەمەش لە پاشەکشەی ئەو داوا یاساییە پێچەوانەیەی پێشتر بالدۆنی دژی لایڤلی تۆماری کردبوو، کە بەھاکەی گەیشتبووە 400 ملیۆن دۆلار پێش ئەوەی لەلایەن دادگاوە ڕەتبکرێتەوە.
ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە ململانێی یاسایی نێوان ئەم دوو ئەستێرەیەدا دەبینرێت، بڕیاریشە دادگا لە ماوەی داهاتوودا کۆی ئەو بڕە پارەیە دیاری بکات کە لایڤلی وەک قەرەبووی خەرجییە یاساییەکان وەریدەگرێت.
تیمی بەرگری بلێک لایڤلی، کە لە عەزرا هەدسن و مایکڵ گۆتلیب پێکدێت، ڕایانگەیاند، بڕیارەکە سەلمێنەری ڕاستی پێگەی یاسایی موکلەکەیانە، ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد، دادگە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی لایڤلی لە سەرجەم ڕێکارەکاندا بە چاکخوازی ڕەفتاری کردووە و هیچ خراپ بەکارهێنانێکی ڕێڕەوی یاسایی لە دژی نەسەلمێنراوە.
لای خۆیەوە برایان فرید مان، پارێزەری جەستن بالدۆنی، هەوڵیدا گرنگی بڕیارەکە کەم بکاتەوە، ڕوونیکردەوە، ئەوەی لایڤلی بەدەستی هێناوە تەنیا تێچوویەکی یاسایی سنووردارە کە بەشێکی دیاریکراوی دۆسیەکەیە، نەک سەرکەوتنێکی گشتگیر.
ململانێکە بەردەوام سەرنجی میدیاکانی جیهانی ڕاکێشاوە و چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری کۆتایی لەبارەی قەرەبووە داراییەکان لە ماوەی داهاتوودا دەربچێت.

