ئەفسانەی سینەمای جیهانی مارلین مۆنرۆ، لە ڕێگەی کارێکی هونەری ناوازەوە گەڕایەوە ناوەندی سەرنج، کاتێک سان بی، هونەرمەندی بەریتانی، تابلۆیەکی بێوێنەی لەو ئەستێرە کۆچکردووە پێشکەش کرد کە بە بەکارهێنانی زیاتر لە 150000 پارچە کریستاڵ و بەردی ئەڵماس دروستکراوە.
تابلۆکە گوزارشت لەو پێگە تایبەتە دەکات کە مارلین مۆنرۆ بەردەوام لە جیهانی هونەر و کولتووردا دەیپارێزێت، سەرباری تێپەڕبوونی چەندین دەیە بەسەر کۆچی دواییدا.
ئەم بەرهەمە ناونیشانی “Marilyn Monroe: The Eternal” پێدراوە و جێبەجێکردنی زیاتر لە 1000 کاتژمێر کاری وردی خایاندووە.
هونەرمەندەکە پشتی بە جێگیرکردنی دەستیی هەر پارچە کریستاڵێک بەستووە، لەگەڵ بەکارهێنانی بەردی ئەڵماسی تاکەکەسی بە کێشی دوو قیڕات، ئەمەش بەهایەکی بینینی لادەر و ناوازەی بەخشیوە بەم کارە. سان بی، کە خەڵکی ناوچەی ئیسێکسی بەریتانیایە، ڕایگەیاند، ئامانجی پێشکەشکردنی کارێک بووە کە شایستەی یادی 100 ساڵەی لەدایکبوونی ئەو سیمبولەی هۆلیوود بێت، دووپاتیشی کردەوە، دیزاینەکە ڕەنگدانەوەی کاریگەری بەردەوامی مارلین مۆنرۆ و ئامادەیی چەسپاویەتی لە یادەوەری کولتووری جیهانیدا.
ئێستا ئەم شاکارە هونەرییە لە چوارچێوەی پێشانگای ئایکۆنیک ئیمێجیز لە ناوچەی پیکادیلی نمایش دەکرێت، کە بەشێکە لە ڕێوڕەسمی زیندووکردنەوەی یادی 100 ساڵەی لەدایکبوونی مۆنرۆ. بڕیارە لە مانگی تەممووزی داهاتوودا تابلۆکە لە زیادکردنێکی تایبەتدا بخرێتە ڕوو، بۆ ئەوەی بەشێک لە داهاتەکەی بۆ پاڵپشتی دامەزراوە خێرخوازییەکانی منداڵان و گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت تەرخان بکرێت.
ئەم هونەرمەندە پێشتر تابلۆی بۆ شاژنە ئەلیزابێسی دووەم کێشاوە و کارەکانی پێشوازییەکی بەرفراوانیان لێکراوە.

